عێراقکوردستان

پێش یاریی لووتکەیان بەرامبەر زەوڕا، راهێنەری دهۆک هەواڵێکی خۆشی پێدەگات

سەعد ناتق: وێڕای بەهێزی زەوڕا بەڵام ئامانجمان سێ خاڵی یارییەکەیە

Yariga App

یاریگا –

راهێنەری دهۆک پێش یارییە بەهێزەکەی بەرامبەر زەوڕا هەواڵێکی خۆشی پێدەگات، سەعد ناتقیش باس لە ئامانجی تیپەکەی دەکات بۆ ئەم یارییە.

لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەینی ( 1ـی ئایاری 2026 ) کاتژمێر 7:30ـی شەو لە یارییەکی بەهێزدا زەوڕا و دهۆک لە یاریگای زەوڕا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، پێش ئەم یارییە ئەحمەد خەلەف راهێنەری دهۆک هەواڵێکی خۆشی پێدەگات، لە دوو رۆژی رابردوودا هاڕون ئەحمەد ئەستێرە و ناوەڕاستکاری تیپەکە بەشداری مەشقە بە کۆمەڵەکانی تیپەکەی کردووە و لە پێکانەکەی چاکبۆتەوە.

سەعد ناتق، یاریزانی بەرگری دهۆک سەبارەت بە ئامادەکاری و یارییەکەیان بەرامبەر زەوڕا گووتی:

زەوڕا یانەیەکی بەهێز و پێشکەوتووە، ئەوان کێبڕکێ لەسەر وەرگرتنی ریزبەندی سێیەم دەکەن، وێڕای ئەمانە ئێمە بۆ سێ خاڵی یارییەکە لێرەین، چونکە تیپەکەی ئێمەش یاریزانی ئاست بەرزی تێدایە، بە هەبوونی دەستەیەکی باشی راهێنەران دەتوانین ئامانجەکانمان باشتر بکەین، چونکە راهێنەر و یاریدەدەرەکانی ماندوون لەگەڵ ئێمە و کاریگەریان لەسەر پێشخستنی ئاست و توانای یاریزانەکان هەبووە.

هەڵۆکانی چیا بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ لە ریزبەندی ‌10ـی خولەکە دێن، یاریی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی نەفتی میسان دەبێتەوە، زەوڕاش 58 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button