یاریگا –
سەڵاحەدین سیامەند ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێ بەمزووانە دەبێتە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، سەڵاحەدین سیامەند ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێ و جێگری سەرۆکی پێشووی یانەی هەولێر دەبێتە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، بەمزووانە لەشوێنی تاریق عەبدولڕەحمان سەرۆکی ئێستای فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەستبەکار دەبێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، گۆڕانکاریی لە پۆستەکانی دیکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەکرێن و لە ساڵی نوێدا تەواوی ئەندامانی فیدراسیۆنەکە نوێدەکرێنەوە، کە سەری ساڵ جێگری سەرۆک و ئەمینداری دارایی و سێ لە ئەندامانی فیدراسیۆنەکە گۆڕدران.
مانگی رابردوو گۆڕانکاریی لە پێنج ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کرا، هەریەکە لە عەباس عەلی وەکو جێگری سەرۆک، حەسەن سەلیم وەکو ئەمینداری دارایی، دارەوان قادر و هەکاری داود و موحسین مەولود وەکو ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەستبەکاربوون.
سەڵاحەدین سیامەند لە ساڵی 1978 لە دایکبووە، یاریی بۆ یانەکانی هەولێر، زەورا و زاخۆ کردووە، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و کوردستان بووە، لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق نازناوی جامی ئاسیای 2000ـیان بەدەستهێنا، هەروەها لە مۆندیالی لاوان گۆڵی لە هەڵبژاردەی کەنەدا تۆمارکردووە و ساڵی 2010 بەیەکجاریی وازی لە یاریکردن هێنا.
لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2021 لە هەڵبژاردنەکانی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دەرچوو، وەکو جێگری سەرۆکی یانەی هەولێر دەستبەکاربوو، سەرەتای ساڵی رابردوو دەستی لەکارکێشایەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان ساڵی 2006 دامەزراوە و سەرپەرشتی چالاکییەکانی تۆپی پێی هەرێمی کوردستان دەکات، سەڵاحەدین سیامەند لەدوای سەفین کانەبی و تاریق عەبدولڕەحمان دەبێتە سێیەمین سەرۆکی فیدراسیۆنەکە.