جامی کۆنیفا 2024کوردستانگرنگترین

سەمیر بابۆ یان سلێمان رەمەزان دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان

یاریگا –

لە نێوان سلێمان رەمەزان و سەمیر بابۆ یەکێکیان ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ و لە چەند رۆژی داهاتوو یەکلا دەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریداوە لە نێوان سەمیر بابۆ راهێنەری ئێستای یانەی پێشمەرگەی هەولێر و سلێمان رەمەزان راهێنەری پێشووی یانەی دهۆک یەکێکیان دەستنیشان بکات، بۆ ئەوەی لە جامی کۆنیفای 2024 راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی کوردستان بکات.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا، تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو تاریق عەبدولڕەحمان سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوو راهێنەرەکە گفتوگۆ دەکات و گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرێت و گفتوگۆ لەبارەی ئامانج و پلانی دروستکردنی هەڵبژاردەی کوردستان دەکات، دواتر بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتیمانی دەدرێت، کە پێشبینی دەکرێت تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە یەکلا بێتەوە.

هەڵبژاردەی کوردستان هاوینی داهاتوو بەشداریی جامی کۆنیفا دەکات کە لە رۆژی 25ـی حوزەیران/یۆنیۆ تاوەکو رۆژی 6ـی تەممووز/یۆلیۆ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردەی کوردستان لە کۆمەڵەی یەکەم هاوشانی تامیل ئیلام و کێرنۆو و کەشمیر یاریی دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button