یاریگا –
لە میانی زیادبوونی دەنگۆی فرۆشتنی، مارکوس راشفۆرد هاتەدەنگ بەتایبەت دوای ئەوەی لەلایەن روبن ئامۆریمەوە بۆ یاری دێربی مانچێستەر بانگهێشت نەکرا.
لە چەند رۆژی رابردوودا زانیاریی لە سەرچاوە ئینگلیزیەکانەوە بڵاوکرانەوە کە مانچێستەر یونایتد لەم زستانە راشفۆرد دەفرۆشێت و ئامۆریم ئەو یاریزانەی ناوێت. تەنانەت نرخی فرۆشتنەکەشی هاتە میدیاکاندەوە.
تەواو؛ مانچێستەر یونایتد نرخی راشفۆردی دیاریکرد – Yariga
لە نوێترین کاردانەوەیدا، کە فابریزۆ رۆمانۆ لێدوانەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئەستێرە ئینگلیزیەکە دەڵێت
شتێکی بێهیواکەرە بۆ دێربی دووربخرێیتەوە… بەڵام خۆ تازە ئەوە روویداوە. یارییەکەمان بردەوە و با ئێستاش پێشڤەبچین. بێ ئومێدکەربوو، بەڵام منیش کەسێکم تا گەورەتربم باشتر دەتوانم مامەڵە لەگەڵ سەختیەکاندا بکەم. چی بکەم؟ بۆی بگریم؟ یان جارێکیتر ئەوپەڕی هەوڵی خۆم بدەمەوە کە تەواو ئامادەبم.
لەسەر زیادبوونی دەنگۆیەکانی رۆشتنیشی لە مان یو، هێرشبەرە 27 ساڵانەکە وتی
بە لای خودی خۆمەوە، ئامادەم بۆ ئاڵنگارییەکی نوێ و هەنگاوەکانی دواتر. کە لێرەش بڕۆم، هیچ هەستێکی نەرێنیم نابێت. هیچ کۆمێنتێکی نەرێنیشم لەسەر مانچێستەر یونایتد نابێت. من وام. هەمیشە بە “سوور” دەمێنمەوە
لە پیش یاری دێربی کە تێیدا مان یونایتد 1-2 براوەبوو، باس لەوە دەکرا جگە لە ئاستی یاریزان لە راهێنانەکاندا، بەهۆی رێککارە توندەکانی راهێنەرە پۆرتوگالیەکە هەریەکە لە ئالیخاندرۆ گارناچۆ و راشفۆرد بانگهێشت نەکرانەوە. بەوەی ئەو راهێنەرە گرنگی دەدات بە جۆری خۆگۆڕین و زوو ئامادەبوونی لە کاتی وتاردان و مامەڵە یاریزانان لەگەڵ هاوتیمەکانیدا پێکهاتە دەستنیشان دەکات.
پێنجشەممە کاتژمێر 23:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان کوڕانی ئامۆریم لە چارەکی کۆتایی جامی کاراباو دەبنە میوانی تۆتنهام. هێشتا دیار نییە ئامۆریم چی پێکهاتەیەک بۆ ئەو یارییە هەڵدەبژێرێت. ئایا هەموو یاریزانە سەرەکییەکان بەگەڕدەخات یاخود پارێزگارییان لێدەکات بۆ درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی لە پرێمەرلیگ و خۆڕێکخستنەوەیان بۆ یۆرۆپالیگ.