یاریگا –
نەورۆز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق تووشی چوارەم شکست بوو بەدوای یەک، راهێنەری تیپەکەش هۆکارەکان باس دەکات.
لە گەڕی 11ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1 _ 0 بە نەفتی میسان دۆڕا، بەم شکستە نەورۆز بووە چوارەم شکستی بە دوای یەک کە لە خولەکە تووشی هاتووە.
جۆرڤان ڤێیرا راهێنەری بەرازیلی نەورۆز دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە دەربارەی شکستەکەیان رایگەیاند:
گێمی یەکەم زۆر نزیک بووین لە گۆڵ تۆمار کردن و ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد، بەڵام پەلە کردنی یاریزانەکان وایکرد هەلەکان لە دەست بدەین و گۆڵ تۆمار نەکەین، نەفتی میسان رکابەرێکی بەهێزبوون تایبەت لە ناوچەی بەرگری و رووبەریان کەم بۆ یاریزانەکانی ئێمە هێشتبۆوە، تیپی بەرامبەر لە سەر هێرشی هەڵگەڕاوە یارییکرد و سەرکەوتنیشیان بە دەستهێنا.
مەروان حوسێن هێرشبەری نەورۆز دەربارەی یارییەکە و چوار شکستیان لە سەر یەک لە خولەکە دوای یارییەکە گوتی:
دوای گۆڵەکەی نەفتی میسان هەوڵماندا بگەڕێینەوە کەشی یارییەکە بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، پێویستە لە سەر هەموومان پێداچوونەوە بە خۆمان بکەین چونکە ئەمە چوارەم شکستە بەدوای یەک و دەبێ رێگا چارەیەک بدۆزینەوە، داهاتوو باش دەبێت و بەڵێن بە هاندەرانمان دەدەین بگەڕێینەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان.
سوور پۆشەکانی سلێمانی لە کۆی نۆ یاریی تەنها هەشت خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی 18ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێن، چوارشەممەی داهاتوو 18ـی دیسێمبەری 2024 لە یاریگای خۆی بەرامبەر دیالا یاریی دەکات.