لیڤەرپوول پەیوەندی بە ئەستێرەیەکی لیڤەرکۆزنەوە کردووە بیگوازێتەوە بۆ ئانفیڵد
یاریگا –
یانەی لیڤەرپوول خۆی بۆ ئەگەرەکانی بازاڕی گواستنەوە ئامادەدەکات و لە ئێستاوە کەوتووەتە گفتوگۆ لەگەڵ کامپی ئەستێرەیەکی لیڤەرکۆزن.
رێدز بە راهێنەرایەتی ئارنە سڵۆت بەباشترین ماوەی خۆیاندا تێپەڕدەبن، بەڵام سێ ئەستێرەی سەرەکی یانەکە کۆتا وەرزیان لە ئانفیڵد و چارەنووسیان بە نادیاریی ماوەتەوە. ئەوانیش محەمەد سەڵاح، ڤێرجل ڤان دایک و ئالیکساندەر ئاڕنۆڵدن.
هەوڵی ریاڵ مەدرید بۆ گواستنەوەی ئەستێرە ئینگلیزیەکە لە گەرمترین دەنگوباسەکانی نێو میدیای ئینگلیزی و جیهانییە، بەوەی کە شاهانەکان لەم زستانە بە فەرمی دەچنە گفتوگۆی گواستنەوەی ئاڕنۆڵدەوە و خودی یاریزانەکەش ئارەزوو ئەو ئەزموونە نوێیە دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ساشا تاڤۆلێری رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو، لیڤەرپوول خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەکردووە و دەیانەوێ جێریمی فریمپۆنگ بگوازنەوە بۆ ئانفیڵد.
ئەو رۆژنامەنووسە زانیوشیەتی کە لای لیڤەر، فریمپۆنگ باشترین بژاردەیە بۆ شوێنگرتنەوەی ئاڕنۆڵد.
ساشا ئەوەشی ئاشکراکردووە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا چەند جارێک نوێنەرانی یانە ئینگلیزیە پەیوەندیان بە کەسە نزیکەکانی ئەستێرە هۆڵەندیەکەوە کردووە. لە بەرامبەر دەستبەرداربوونیدا یانە ئەڵمانیەکە داوای 60 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
فریمپۆنگ لە رەگەزە دیارەکانی چابی ئالۆنسۆ بوو لە بردنەوەی سیانە نازناوی مێژووی وەرزی رابردوو، کە گرنگترینیان بردنەوەی بۆندسیلیگا بوو بەبێ هیچ دۆڕانێک.
ئەو یاریزانە 23 ساڵانە توانایەکی بەرزی هێرشبەریی هەیە و ئەم وەرزە لە 12 بەشداری بۆندسلیگا توانیویەتی 2 گۆڵ و 2 ئەسێست بکات. لە چامپیۆنزلیگیش لە 5 یاریدا 2 ئەسێستی هەیە.