کۆڵ پاڵمەر گرەوێک لە یاریزانێکی ئاستۆن ڤێلا دەباتەوە
یاریگا –
ئەستێرەی چێڵسی، کۆڵ پاڵمەر بەڵێنەکەی دەباتەسەر و گرەوێک لە یاریزانێکی ئاستۆن ڤێلا دەباتەوە.
دوێنێ لە یارییەکانی گەڕی سێزدەی پرێمەرلیگ چێڵسی لە ستامفۆرد بریج میوانداری ئاستۆن ڤێلای کرد، بلوز ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەشکرد و یارییەکەی 3-0 بردەوە.
کۆڵ پاڵمەری ئینگلیزی و ئەستێرەی یانە لەندەنییەکە لە خولەکی 36 گۆڵی دووەمی یانەکەی بۆ ئێنزۆ فێرناندێز دروستکرد. لە خولەکی 83 بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی سێیەمی یانەکەی کرد. بەهۆی ئاستە بەرزەکەشی بە باشترین یاریزانی یارییەکە دیاریکرا.
پاڵمەر دوای یارییەکە لە ستۆری ئینستاگرام وێنەیەکی گفتوگۆیەکی “چات” نێوان خۆی و مۆرگان رۆجەرزی ئەستێرەی ئاستۆن ڤێلای بڵاوکردووەتەوە، کە دوو رۆژ پێش یارییەکە و رۆژی هەینی لەبارەی یارییەکە قسەیان کردووە.
رۆجەرز بە پاڵمەر دەڵێت: ناتوانین گۆڵ لە ئاستۆن ڤێلا بکەیت. پاڵمەریش وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکە دەبەمەوە ماڵەوە.
کۆڵ بەڵێنەکەی بردەسەر، گۆڵی کرد و خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەشی لەگەڵ خۆی بۆ ماڵەوە بردەوە.