چامپیۆنزلیگ

ئایا لیڤەرپوول دەتوانێت لە دوای 15 سال شکست بە ریاڵ مەدرید بهێنێت؟

Yariga App

یاریگا –

لە ساڵی 2009ەوە لیڤەرپوول نەیتوانیوە لە ریال مەدرید بباتەوە.

لە مانگی ئازاری 2009 لیڤەرپوول شەوێکی لەبیرنەکراوی بەسەر برد، کاتێک بە ئەنجامی 4-0 لە ریال مەدریدی بردەوە و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

بەڵام ئەو ساتەوەختە یادگارییە دواجار بوو کە یانەی مێرسێساید رێدز لە یانە ئیسپانییەکە بباتەوە، چونکە لە ماوەی 15 ساڵدا لە کۆتا هەشت یاری بەرامبەر مێڕەنگی نەیتوانیوە هیچ یارییەک بباتەوە.

بەڵام ئەمشەو کاتژمێر 23:00 بە کاتی هەولێر، جارێکیتر لیڤەرپوول لە ئەنفێڵد میوانداری مەدریدییەکان دەکات و رەنگە هاندەرانی رێدز پێیانوابێت کە ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ تیپەکەیان کە دواجار دوای پانزە ساڵ لە یاریگای خۆیان لە سپی پۆشەکانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بباتەوە.

ئارنێ سلۆت لەم وەرزەدا تا ئێستا 16 بردنەوە و یەک یەکسانبوون و یەک دۆڕانی لەگەڵ لیڤەرپوول بەدەست هێناوە.

راهێنەرە هۆڵەندییەکە توانیویەتی تیپەکەی بگەیەنەتە پێشەنگی پریمەرلیگ و لە چامپیۆنزلیگیشەوە دەستپێکێکی ئاگرینی هەبووە و تاوەکوو ئێستا هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە و یەکسانیش نەبوون. لیڤەرپوول تا ئێستا لە هەر چوار یارییەکەی چامپیۆنزلیگ 10 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنها گۆڵێکی لێکراوە.

ئەم رەوتەی تیپەکەی ئارنێ سلۆت بە پێچەوانەی رەوتی تیپەکەی کارلۆ ئانچیلۆتییە. ریال مەدرید وەرزی رابردوو هەردوو جامی چامپیۆنزلیگ و لالیگایان بردەوە، بەڵام ئەم وەرزە لە پلەی دووەمی لالیگا و پلەی بیست و یەکەمی چامپیۆنزلیگدا دێن.

لە کۆی چوار یاریی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، سێ یاریی تا ئێستا لە یاریگای خۆیان بووە. سپی پۆشەکان لە مەدرید و شتوتگارت و بروسیا دۆرتمۆندیان بردەوە، بەڵام لە دوایین یاریدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە میلان دۆڕان.

شتێکی دڵخۆشکەر بۆ لیڤەرپوول ئەوەیە کە تاکە یاری ریال مەدرید لەم وەرزەدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە یانە پاڵەوانان لە یاریگای لیلی فەرەنسا بوو کە بە ئەنجامی 1-0 دۆڕان و جیا لەمەش چەندین ئەستێرەیان تووشی پێکان بوون و بۆ ئەم یارییە ناتوانن ئامادە ببن.

رێدز ئەمشەو هەموو هەوڵێکی دەدات تاوەکوو گرێ کوێرەی 15 ساڵی رابردوویان بکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button