یاریگا –
راهێنەرێکی بەڕازیلی رەخنە لە هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس جونیۆر دەگرێت و بڕوای وایە ‘زیادەڕۆیی ‘ دەکات.
ڤاندێرلی لوکسمبۆرگۆ، راهێنەری بەڕازیلی پێشووی ریال مەدرید لەبارەی هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری بەڕازیلی یانەی ریال مەدرید لە پۆدکاستێک دەڵێت :’کاتێک یاریزانێک لە ڤینیسیۆس دەدات یەکسەر هەڵدەستێتەوە و پەلاماری یاریزانەکە دەدات، وا دەریدەخات لەبەر رەنگی پێستی وای بەرامبەر دەکرێت، دەزانن پێلێ و زیکۆ چەند جار لێیان دەدرا؟’.
هەروەها دەشڵێت :’بڕوام وایە ڤینی خۆی ئەم دۆخەی دروستکردووە و خۆی گۆشەگیر کردووە و خۆی خستووەتە گۆشەیەک، دیمەنێکم بینی یاریزانێک زۆر بە رێزەوە تۆپەکەی پێدەدات، کەچی ڤینی تۆپەکە فڕێدەداتە سەر زەوی و پاشان گاڵتە بە یاریزانەکە دەکات و خۆی تووڕە دەکات’.
راهێنەرە بەڕازیلییەکە دەڵێت :’ڤینی یاریی بە هەستی یاریزانانی تیپی بەرامبەر دەکات، لەکاتێکدا هیچ پێویست ناکات ئەمە بکات، لەدەستدانی خەڵاتی باڵۆن دۆر هیچ پەیوەندی بە بابەتی رەگەزپەرستییەوە نەبوو، نەخێر بەهیچ شێوەیەک باڵۆن دۆر پەیوەندی بە رەگەزپەرستییەوە نەبوو’.