ریال مەدرید بەرگریکارێکی رۆما دەگوازێتەوە
رۆژنامەی مارکا نوێترین زانیارییەکان ئاشکرا دەکات
یاریگا –
ریال مەدرید بەهێزەوە چووەتە نێو ئامادەکارییەکان بۆ بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، ئەمەش دوای زیادبوونی ژمارەی پێککراوانی هێڵی بەرگری.
لە ماوەی رابردوودا، رۆژنامەکان باسیان لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی ئێرمیک لاپۆرت، کاستێیۆ لوکێبا و جۆناسان تا بۆ لۆس بلانکۆس کرد.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بیر لە گواستنەوەی ماریۆ هێرمۆسۆ، بەرگریکاری رۆما و پێشووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکاتەوە.
هێرمۆسۆ، بەرهەمی ئەکادیمیای ریال مەدریدە و لە ساڵی 2017 ریزەکانی مەدریدی جێهێشت و پەیوەندی بە ئیسپانیۆل کرد.
هێرمۆسۆ لە ساڵانی نێوان 2019 بۆ 2024 یاریی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید کرد و لە هاوینی رابردوودا، بەخۆڕایی بووە یاریزانی رۆما.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە بێت، هێرمۆسۆ دەیەوێت بگەڕێتەوە ئیسپانیا، چونکە کێشەی لەگەڵ خۆگونجاندن لە رۆما هەیە، هەرچەندە گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت.