یاریگا –
كارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پێی وایە چارەسەری كێشەكانی یانەكەی دۆزیووەتەوە.
یانە شاهانەكە لەم وەرزەدا ئاستێكی ناجێگیر پێشكەش دەكات و لە لالیگا بە جیاوازی 9 خاڵ لە دوای بارسێلۆناوەیە و لە چامپیۆنزلیگیش لە چوار یاریدا تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە و دوو یاریش یەكسان بووە.
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەكەیان بەرامبەر ئۆساسونا كارلۆ ئانچێلۆتی گوتی:
قسەمان كردووە و دۆخەكەمان شیكردووەتەوە، پێم وایە چارەسەرمان دۆزیووەتەوە، بەڵام دەبێت بە كردار ببیندرێت، با وەشانێكی جیاواز ببینین، تیمەكە یەكگرتوو تەبا دەبینم و چارەسەری دروستمان دۆزیووەتەوە، با چاوەڕێ بكەین و ببینی بزانین كارێكی دروست دەكەین یاخود نا.
کاتێکی سەختە بۆ هەموومان، بەڵام هێشتا تیمێکی زۆر بەهێز و یەکگرتووین. ئەم ساتانە بەردەوام لە تۆپی پێدا روودەدەن. بەڵام دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچین و لە داهاتوودا بەهێزتر ببین.
ئێمە پێمان وایە چارەسەرمان دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا بە قسەكردنە. سبەی لە یاریگادا دەبینرێت، ئەمە شوێنی قسەکردن نییە لەسەر ئەو کێشانەی رووبەڕوومان دەبێتەوە.
بانگهێشتنەكردنی كیلیان بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا؟
ئەوە بڕیاری دیشانە و مافی ئەوەم نییە بڕیاری لەسەر بدەم، رێگە بە خۆم نادەم بۆ ئەوە، ئێمباپێ باشە و پاڵنەرێكی هەیە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت.
ڤاڵڤێردی باشە و بە باشی راهێنانەكان دەكات و ئامادەیە بۆ یاریكردن.
چێژ لە هەموو رۆژێكم لە ریال مەدرید وەردەگرم، لە باشترین یانەی جیهانم.
لە كۆتاییدا ئانچێلۆتی گوت:
وەک هەمیشە كێبڕكێی بردنەوەی سەرجەم نازناوەكان دەكەین.
وا بڕیارە سبەی شەممە كاتژمێر 16:00 بە كاتی كوردستان ریال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە خۆی میوانداری ئۆساسونا بكات.