یاریگا –
هاندەرانی نەورۆز لە یاریی ئەمڕۆیان لە یاریگای خۆیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، 33 ملیۆن دیناریان بۆ چارەسەرکردنی بارین یاسین کۆکردەوە.
یانەی نەورۆز بۆ یاریی ئەمڕۆیان لە گەڕی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەڵمەتێکیان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ چارەسەرکردنی بارین یاسین هاندەری یانەکەیان راگەیاند، کامپینەکە لەژێر ناوی ‘رزگاركردنی كاكه بارین له بوتڵی ئۆكسجین’ بوو.
هاندەرانی نەورۆز پێش یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر گەرمە، سندوقێکیان دانابوو بۆ ئەوەی کۆمەک بۆ هاندەرە منداڵەکەیان کۆبکەنەوە، دوای یارییەکەش هەر لەناو یاریگا پارەکەیان ژمارد و 33 ملیۆن دیناریان بۆ یارمەتیدانی بارین کۆکردەوە.
جگە لە هاندەرانی نەورۆز، پێشتر هاندەرانی دهۆک و هەولێریش لە یارییەکانی رابردوویان هەڵمەتێکیان بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ چارەسەرکردنی بارین راگەیاندبوو، سندوقیان لە بەردەم یاریگاکانیان دانابوو بۆ ئەوەی یارمەتی هاندەرەکەی نەورۆز بدەن.