یاریگا-
بەبێ ئامادەبوونی دوو یاریزانی سەرەکی تیپەکەی، نەورۆز بەرامبەر بەغدا یاریی دەکات.
لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەینی ( 1ـی دیسێمبەری 2024 ) نەورۆز لە بەغدا و تایبەت لە یاریگای مەدینە کاتژمێر 5:15 خولەک رووبەرووی زەوڕا دەبێتەوە، نەورۆز بە ئامانجی بەردەوامیدان بە سەرکەوتنەکانی یاریی دەکات.
زەوڕا کێشەی دارایی و کارگێڕی هەیە
زەوڕا لە دوو یاریی رابردوو شکستی هێناوە بەرامبەر زاخۆ و مینا، کێشەی کارگێڕی و دارایی بەرۆکی یانەکەی گرتووە و تا ئێستاش نەتوانراوە چارەسەر بکرێن، یاریزانەکان نیگەرانن لە دواکەوتنی مووچە و گرێبەستەکانیان هەر ئەوەش دەکەنە هۆکاری دوو شکستیان لە دوو یارییەکەی رابردوودا.
تا ئێستا زەورا و نەورۆز شەش یاریی فەرمیان لە خولی عێراق بەرامبەر یەکتر کردووە، سوورپۆشەکانی سلێمانی لە دوو یارییدا سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە و زەوڕاش لە سێ یارییدا براوە بووە و یەک یارییش یەکسان بوونە، لە یارییەکی جامی عێراقیش زەورا بە ئەنجامی 3 _ 0 لە نەورۆزی بردۆتەوە.
بۆ ئەم یارییە نەورۆز لە توانای هەر یەک لە یاریزانان عەباس یاسینی بەرگریکار بە هۆی پێکان و کلاودیۆ ئۆلیڤێڕای هێرشبەر بە هۆی راگیرانیەوە بێبەش دەبێت، زەوڕا حەفت خاڵی هەیە لە ریزبەندی حەفتەمە و نەورۆزیش بە هەشت خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.