محەمەد سەڵاح یاسایەکی نوێ بۆ هاوتیمەکانی دادەنێت
یاریگا –
محەمەد سەڵاح یاسایەکی نوێی لە سەنتەری راهێنانی لیڤەرپوول داناوە و یاریزانان بە یاسا نوێکە دڵخۆشن.
کورتس جۆنز، ناوەڕاستکارەکەی لیڤەرپوول یاسا نوێیەکەی سەنتەری راهێنانی یانەکەیانی کە محەمەد سەڵاح دایناوە ئاشکرا کرد. یاساکەی سەڵاح ئەوەیە لە کاتی کۆ بوونەوەی یاریزانان و لە کاتی قاوەخواردنەوەیان هیچ یاریزانێک بۆی نییە مۆبایلەکەی بەکار بهێنێت.
جۆنز روونی کردەوە کە سەڵاح تاڕادەیەک سەبارەت بەو یاسا نوێیە تووندە و گوتی:
ئێمە یاسایەکمان بەسەردا سەپێندراوە کە رێگەمان پێنادرێت مۆبایلەکانمان بەکار بهێنین کاتێک قاوە دەخۆینەوە”. “ئەوە یاسایەکە کە سەڵاح دایناوە. بۆ نمونە کاتێک من لەوبەرتر دەستکاری موبایلەکەم بکەم (مۆ) بە یاریزانانیتر دەڵێت پەیامێکی بۆ بنێرن و پێی بڵێن لێرە پەیوەندییەکیترمان لەگەڵە، ئەوەش واتە دەستکاری مۆبایلەکانتان مەکەن.
پێدەچێت ئەم نزیکبوونەوەیە لە کاتی قاوە خواردنەوەدا ببێتە هۆکاریک بۆ سەرکەوتنی تیمەکە. لە سەردەمی ئارنێ سلۆت، لیڤەرپوول ئەنجامی باشی بەدەست هێناوە و بە جیاوازی یەک خاڵ لەگەل مانچێستەر سیتی پلەی دووەمی پرێمەرلیگی گرتووە و پێگەیەکی بەهێزی لە چامپیۆنزلیگ دوای ئەوەی لەم دواییانەدا بە ئەنجامی 1-0 لە لایپزیگی بردەوە، بەدەست هێناوە.
سەڵاح کە گرێبەستەکەی لە کۆتایی وەرز تەواو دەبێت، تا ئێستاش وەکوو بەشێکی دانەبڕاو لە یانەکە سەیر دەکرێت. لە دوای هاتنی لە رۆما لە ساڵی 2017، لە کۆی 361 یاریدا بۆ لیڤەرپوول توانیویەتی 218 گۆڵ تۆمار بکات.
ماڵپەڕی لیڤەرپوڵ دەڵێت:
سەڵاح نمونەیە بۆ زۆرێک لە ئەستێرەکانی لیڤەرپوول و بەدڵنیاییەوە نموونەکەی خراپ نییە و پەیڕەوی لێدەکرێت. کاریگەرییەکەی لەناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا زۆر بەهێزە. خاڵی گرنگیش ئەوەیە گرێبەستێکی نوێ واژۆ بکات و لە کۆتایی وەرزدا لە ئەنفێڵد بمێنێتەوە.