یاریگا –
عێراق دەیەوێت وڵاتینامە بە پاتریک مارسیلینۆ ببەخشێت بۆ ئەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت.
حەمزە هادی راهێنەری پێشووی یانەی زاخۆ پێشتر پێشنیازی کردبوو وڵاتینامەی عێراقی بە پاتریک مارسیلینۆ بەرگریکاری بەڕازیلی یانەی زاخۆ بدرێت، بۆ ئەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت، کە ئێستا هەڵبژاردەی عێراق لە دڵی بەرگری کێشەی هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، پاتریک مارسیلینۆ بەرگریکاری یانەی زاخۆ لاری نییە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت و ئارەزووی خۆی بۆ پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی عێراق دەربڕیوە، کە ئەو بەرگریکارە 30 ساڵانە هاوینی 2023 لە خولی بەڕازیلییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی زاخۆ کرد.
هەڵبژاردەی عێراق بەمدواییانە لە دڵی بەرگری تووشی کێشە بووە و خیسوس کاساس لە ئاستی بەرگریکارە عێراقییەکان ناڕازییە، بڕیاریداوە بۆ یارییەکانی داهاتووی شێرەکانی رافیدەین لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بانگهێشتی ماسیس ئارتین بەرگریکاری یانەی دهۆک بکات، کە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لە خولی سویدییەوە روویکردە ریزەکانی دهۆک.
بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی عێراق، لەسەر داوایەکی فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، وەزیری ناوخۆ داوای پێدانی وڵاتینامە بە کەسێکی بیانی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات. دوای تەواوکردنی رێکارەکانی یاسایی و دڵنیابوون لە کەیسەکە. سەرۆکوەزیران بڕیارێکی تایبەت دەردەکات و وڵاتینامە بە داواکار دەدرێت. بە گوێرەی دەستووری عێراق، پێدانی وڵاتینامە بە کەسانی بیانی تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندایە.