ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

‘بێڤێرلی هیڵسی مەدرید’: ئێمباپێ و بێڵینگهام لە کوێ دەژین و شێوازی ژیانیان چۆنە؟

راپۆرتێکی وردی پڕ زانیاری لەسەر شێوازی ژیانی ئەستێرە گەورەکانی مەدرید

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

هەر ئەستێرەیەکی گەورە بەر لەوەی پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات، نوێنەرانی خۆی دەنێرێتە رۆژئاوای مەدرید، پایتەختی ئیسپانیا و بەدوای ڤێلا دەگەڕێت.

هەرچەندە یاریزانان بەسەر ناوچە لوکسەکانی مەدرید دابەشبوون، بۆ نموونە لوکا مۆدریچ و ڤینیسیۆس جونیۆر، لە گەڕەکی لا مۆرالێخا دەژین. ئەم گەڕەکە لە ڤالدێبێباس، شوێنی مەشقی ریال مەدرید نزیکە و دەکەوێتە باکووری مەدرید.

کیلیان ئێمباپێ بەدواداچوونی وردی بۆ مەدرید کرد و دەستبەجێ لە گەڕەکی پۆزێیلۆ دێ ئالارکۆن، رۆژئاوای مەدرید بەدوای شوێنی نیشتەجێبوون گەڕا. ئێمباپێ شوێنپێی ئەستێرەکانی گالاکتیکۆسی سەردەمی پێشووی وەکو ئیکێر کاسیاس، راوول گۆنزالێز، زینەدین زیدان، ریکاردۆ کاکا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئیدێن هازارد، تۆنی کرووس و دەیڤد ئالابا کەوت.

گەڕەکی لا فینکا لە ناوچەی پۆزێیلۆ دێ ئالارکۆن یەکێکە لە پڕبەهاترین ناوچەکانی مەدرید. بچووکترین ڤێلای گەڕەکەک بریتییە لە 1100 مەتری چوارگۆشە. نموونەی ڤێلایەک بریتییە لە هەشت ژووری خەوتن، ناندین، ژووری سینەما، هۆڵی وەرزش و مەلەوانگەی داخراو و کراوە. نرخی ڤێلایەکی لەمشێوەیە دەگاتە 12 ملیۆن یۆرۆ.

نوێنەرانی ئێمباپێ ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کرد، چونکە ڤێلاکە دوو ساڵبوو بەکرێ نەدرابوو، بۆیە خاوەنانی ڤێلاکە بەدوای کڕیارێکدا وێڵبوون و کیلیان بەبڕی 10.5 ملیۆن یۆرۆ ڤێلاکەی کڕی.

تۆڕی ئاتلێتیک هەوڵیدا لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئێمباپێ نزیکببێتەوە، بەڵام بەهۆی توندوتۆڵی رێکاری ئەمنییەوە، زیاتر لە 500 مەتر نەیتوانی لە ڤێلاکە نزیکببێتەوە. بەڵام لەزاری چەند کەسێک کە لە ناوچەکە دەژین و کاردەکەن، چەندین زانیاری نوێی دەستخستووە.

20 ساڵ بەر لە ئێستا، بەهای خانوو و ڤێلاکانی گەڕەکی لا فیکا دەگەیشتە 2 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام نرخەکان بە خێرایی بەرزبوونەوە و ئێستا بە *’بێڤێرلی هیڵس’ی مەدرید بەناوبانگە. سەرەتا کەسایەتییەکانی ئۆرۆستوکرات و هونەرمەندە بەناوبانگەکان لە ناوچەی لا فیکا ڤێلایان کڕی. لافیکا بەسەر سێ زۆنی جیاواز دابەش دەبێت، زۆنی لۆس لاگۆس 1 گرانترینە، پاشان لۆس لاگۆس 2 و پرادۆ لاگۆ دێن.

* بێڤێرلی هیڵس ناوچەیەکی بەناوبانگی کالیفۆرنیایە.

هۆکاری سەرەکی زۆری فرۆشی شوێنی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی لا فیکا بۆ لایەنی ئەمنی و پاراستنی تایبەتمەندی کڕیاران دەگەڕێتەوە. شێوازی دروستکردنی ڤێلاکان جیاوازە و بە شێوەیەکی دیزاین کراوە، زۆر ئەستەمە لە دەرەوە، ژوورەوەی ڤێلاکان ببینیت. ناوچەی لا فیکا سێ دەروازەی چوونە ژوورەوەیان هەیە و 24 کاتژمێر لەلایەن تیمی تایبەتی ئەمنییەوە چاودێری دەکرێت.

مەحاڵە بەبێ رەزامەندی یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە، بتوانیت دەروازەکان ببڕیت، ئەمەش دڵنیایی لای دانیشتووانی لا فیکا دروستکردووە و بووەتە هۆکاری نیشتەجێبوونی ئەستێرەکان لەو ناوچەیە.

چیرۆکی دروستبوونی پەیوەندی لە نێوان لا فیکا و تۆپی پێ لە سەرەتای ساڵانی 2000 دەستیپێکرد، هەریەکە لە راوول گۆنزالێز و کاسیاس یەکەم کەسایەتی بوون لەو ناوچەیە نیشتەجێبن.

تەنیا یاریزانی دەوڵەمەندی وەکو ئێمباپێ دەتوانێت لە زۆنی لۆس لاگۆس 1 بژیت، چونکە بەهای ڤێلاکان دەگاتە 10 ملیۆن یۆرۆ و کرێی مانگانەشی بریتییە لە 20 هەزار یۆرۆ.

جیا لە ئێمباپێ، جود بێڵینگهام و دێنیسێ (دایکی) لە زۆنی لۆس لاگۆس 1 دەژین. رووبەری ڤێلاکەی بێڵینگهام بریتییە لە 7000 مەتر چوارگۆشە؛ شەش ژووری خەوتن، سینەما، ساونا، هۆڵی وەرزشی، باخچەیەکی گەورە و مەلەوانگەی تێدایە. پێشتر تۆنی کرووس چەند مەترێک لە بێڵینگهام دووربوو، هەروەها هازارد لە ساڵی 2019 ڤێلاکەی بە 11 ملیۆن یۆرۆ لە هەمان زۆن کڕیبوو.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و خێزانەکەی لە زۆنی یەکەم دەژیا، کەچی دۆلۆرێس ئاڤێیرۆ لە زۆنی لۆس لاگۆس 2 دەژیا. هەرچەندە ڤێلاکانی زۆنی دووەم لوکس و شاهانەن، بەڵام نرخەکانیان لە 5 ملیۆن یۆرۆ تێناپەڕێت و کرێی مانگانەش بریتییە لە چوار هەزار یۆرۆ.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، فایزە عەماری، دایکی ئێمباپێ ڤێلایەکی لە زۆنی لۆس لاگۆس 2 بەکرێ گرتووە. دایکی ئێمباپێ لەو ناوچەیە دراوسێی ئانتوان گریزمان، دیێگۆ سیمیۆنی، گوتی و ئالڤارۆ ئاربێلۆوایە.

لا فیکا ناوچەیەکی بازرگانی پێشکەوتووی هەیە، کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت، ئاکسێنچەر و ئوبەر بارەگای سەرەکییان لە زۆنی بزنس پارک دامەزراندووە. هەروەها دەیڤد ڵۆید (زنجیرەیەک هۆڵی وەرزشی لوکسی جیهانییە) هۆڵێکی گەورەی وەرزشی هەیە، خزمەتگوزاری فێرکردنی تێنسی تایبەتی هەیە.

ئالانا مارتینا، کچی رۆناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگێز لە نەخۆشخانەی کیرۆنی تایبەت، نزیک لە زۆنی یەکی لا فیکا لە ساڵی 2017 لەدایکبووە. قوتابخانەیەکی تایبەتی گەورە لە ناوچەکە هەیە و منداڵانی کروس، هازارد و گوتی لەو قوتابخانەیە دەیانخوێند و تیایدا فێری زمانەکانی ئیسپانیا، ئینگلیزی و فەڕەنسی بوون.

لە دوو ساڵی رابردوودا، خزمەتگوزارییەکانی ناوچەی لا فیکا زۆر فراوانبوون، چەندین رێستورانت و کۆفێ شۆپ کرانەوە، هەروەها گۆڕەپانێکی گەورەی گۆڵف کراوەتەوە، ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان.

دەیان رێستورانتی بڕاندی جیهانی لە گەڕەکی لا فیکا هەن، لەوانە رێستورانتێکی ئیتاڵی بە ناوی لیۆناردۆ، کە کارلۆ ئانچێلۆتی زوو زوو سەردانی دەکات، هەروەها رێستورانتی تۆتۆری بۆ سووشی لێیە کە کۆکێ، ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەردەوام سەردانی دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button