یاریگا –
رۆژنامەکانی بەریتانیا بەشێکیان بە توندی رەخنە لە گرێبەستەکەی توخێل دەگرن و رۆژنامەیەکی بەریتانی لەبارەی گرێبەستی راهێنەرە ئەڵمانییەکە نووسیویەتی:’ئەمڕۆ رۆژێکی رەشە بۆ ئینگلتەرا’.
بەشێک لە میدیاکانی بەریتانیا کاردانەوەیان بەرامبەر دەستبەکاربوونی تۆماس توخێل راهێنەری ئەڵمانی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا نەرێنییە و نیگەرانن، رەخنە لەوە دەگرن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا پەنای بردووەتە بەر راهێنەرێکی ئەڵمانی، لەکاتێکدا تۆپی پێی ئینگلتەرا و ئەڵمانیا رکابەری یەکترین و ئەم بڕیارە بە پاشەکشە و خۆبچووککردنەوە لێک دەدەنەوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیل کە یەکێکە لە پڕفرۆشترین رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە، لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا بە مانشیتێکی گەورە لەبارەی راهێنەرە نوێیەکەی هەڵبژاردەکەیان نووسیویەتی ‘ئەمڕۆ رۆژێکی رەشە بۆ ئینگلتەرا، سێ شێرەکان گرەو لەسەر راهێنەرێکی ئەڵمانی دەکەن، لەکاتێکدا تەنیا 18 مانگی لەبەردەست دایە، توخێل ساڵانە 5 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت و گرێبەستێکی خەیالی واژۆ دەکات’.
لەلایەکی دیکە رۆژنامەی دەیلی میرەر بە ئەرێنییەوە لە دەستبەکاربوونی توخێلی روانیوە و لەبارەی دەستبەکاربوونی راهێنەرە ئەڵمانییەکە نووسیویەتی :’راهێنەرە قەیسەرە نوێیەکە’.
رۆژنامەی زە تایمزیش نووسیویەتی :’فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا بۆیەکەمجار لە مێژوود اراهێنەرێکی ئەڵمانی دەکاتە راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا’.
تۆماس توخێل دوای سڤین گۆران ئێریکسن (سوید) و فابیۆ کاپیلۆ (ئیتاڵیا) دەبێتە سێیەم راهێنەری بیانی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بگرێتە ئەستۆ، کە لەوەتەی ساڵی 1966 هەڵبژاردەی سێ شێرەکان نەیتوانیوە هیچ نازناوێک بەدەست بهێنێت.