ئیسپانیافه‌ره‌نساگرنگترین

ریال مەدرید جەنگێکی یاسایی بەرامبەر فەڕەنسییەکان دۆڕاند

18 ساڵە جەنگێکی یاسایی لە نێوان ریال مەدرید و رۆژنامەیەکی فەڕەنسی هەیە

Yariga App

یاریگا –

زۆر بە کەمی ریال مەدرید بە دۆڕاوی لە جەنگەکانی ئەوروپا دەبینین، بەڵام ئەمجارە لە جەنگێکی یاساییدا شکستیهێنا. لە جەنگێکی درێژخایەندا، ریال مەدرید کەیسێکی یاسایی لە بەرامبەر رۆژنامەی لو مۆندی فەڕەنسی دۆڕاند.

دادگای دادی ئەوروپا کە بارەگای سەرەکی لە لوکسێمبورگە، بریارێکی دەرکردووە و تیایدا هاتووە

تەواوی قەرەبووە داراییەکان کە ساڵی 2014 بە تۆمەتی ‘ناوزڕاندن’ بە ریال مەدرید دراوە، گونجاو نییە و مەترسی لەسەر رۆژنامەوانی ئازاد دروستکردووە.

ساڵی 2014، دادگایەکی ئیسپانیا بڕیارێکی لە بەرژەوەندی ریال مەدرید دەرکرد و رۆژنامەی لو مۆندی بە پێبژاردنی 390 هەزار یۆرۆ و نووسەری بابەتەکەی بە 33 هەزار یۆرۆ ناچارکرد.

رۆژنامەکە رەتیکردەوە پێبژاردنەکە بدات، بۆیە ریال مەدرید جەنگە یاساییەکەی گواستەوە دادگاکانی فەڕەنسا. یەکەمجار دادگای پاریس پاڵپشتی بڕیارەکانی دادگای مەدریدی کرد، بەڵام دواتر رۆژنامەی لو مۆند لە دادگای پێداچوونەوە، تانەی لە بڕیارەکەدا و کەیسەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردەوە. دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس روونیکردەوە، بڕیاری دادگای پاریس و مەدرید رێساکانی یەکێتیی ئەوروپای لەبارەی ئازادییەکانی رۆژنامەکانی پێشێلکردووە.

دوای بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوە، ریال مەدرید کەیسەکەی بردە دادگای هەڵوەشاندنەوەی فەڕەنسا، کە باڵاترین دادگای فەڕەنسایە. بیانووی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی کەیسەکە بۆ باڵاترین دادگای فەڕەنسا بریتیبوو لەوەی، دادگاکانی دیکەی فەڕەنسا نەیانتوانی بە تەواوی پێداچوونەوە بۆ بڕیاری دادگای ئیسپانیا بکەن، ئەمەش وایکرد باڵاترین دادگای فەڕەنسا، کەیسەکە بگوازێتەوە دادگای دادی ئەوروپا.

دادگای دادی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە

دەبێ بڕیاری جێبەجێکردنی پێبژاردنی رۆژنامەنووس و رۆژنامەیەک بە تۆمەتی ‘ناوزڕاندن’ هەڵبوەشێندرێتەوە، چونکە ئازادی رۆژنامەوانی پێشێل دەکات.

جەنگی یاسایی نێوان ریال مەدرید و رۆژنامەی لو مۆند بۆ ساڵی 2006 دەگەڕێتەوە، کاتێک رۆژنامەکە بابەتێکی بە ناونیشانی ”وزەبەخشەکان: سەرەتا سواربوونی بایسکلەکان و ئێستاش تۆپی پێ”.

ئابڕووچوونی ئەو سەردەمەی بایسکلسواری، گەورەترین ئابڕووچوونی سەردەمی نوێی وەرزش بوو، کاتێک لانس ئاڕمستڕۆنگ، بایسکلسواری بەناوبانگی ئەمریکی و دەیان بایکسلسواری دیکە بە وەرگرتنی ماددەی وزەبەخش تۆمەتبارکران.

پزیشکێکی ئیسپانی بە ناوی یوفێمیانۆ فوێنتێس، بەرپرسی یەکەمی پێدانی ماددەکانی وزەبەخش بە بایسکلسواران بوو. ئەوکاتە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، جیا لە بایسکلسواران، چەندین لایەنی دیکەی وەرزشیش پەیوەندییان لەگەڵدا هەبووە.

ئامادەبوونی فوێنتێس، پزیشکی تۆمەتبار لە دادگای مەدرید 2013

تاوەکو ئێستا بابەتەکە بەردەستە و دەتوانن بیخوێننەوە؛ وێنەیەکی کاریکاتێری لەنێو بابەتەکەدا هەیە و بایسکلسوارەکە درێسێکی بە رەنگی ئاڵای ئیسپانیا پۆشیوە، هەروەها چەندین یاریزانی بچووک و دەرزی لێدراو لە دەوری بایسکلسوارەکە هەن. بە گوێرەی زانیارییەکانی بابەتەکە بێت، یانەکانی بارسێلۆنا و مەدرید، پەیوەندییان بە کەیسەکەوە هەبوو.

ئەوکاتە بارسێلۆنا و ریال مەدرید بە توندی تۆمەتەکانیان رەتکردەوە و دووپاتیانکردەوە، هیچ پەیوەندییەک لە نێوان پزیشکەکە و یانەکەدا نییە.

کاریکاتێری رۆژنامەی لو مۆند، 2006

لە ساڵی 2013 بە تۆمەتی دروستکردنی مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی سزادرا. فوێتێس زیندانیکرا و دوای سێ ساڵ، بێ تاوانی لە دادگای تێهەڵچوونەوە سەلمێندرا و ئازادکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button