ئاتاڵانتا پێش ئەوەی رووبەڕووی ریال مەدرید ببێتەوە بەدەست سێ کێشەوە دەناڵێنێت
دۆخی ئاتاڵانتا پێش یاریی جامی سوپەری ئەوروپا
یاریگا –
ئاتاڵانتا پێش ئەوەی رووبەڕووی ریال مەدرید ببێتەوە بەدەست سێ کێشەوە دەناڵێنێت، دوو رۆژ بۆ یاریی جامی سوپەری ئەوروپا ماوە و یانە ئیتاڵییەکە گیرۆدەی سێ کێشەیە.
پێکان بەرۆکی ئاتاڵانتای گرتووە
بۆ یارییەکەی جامی سوپەری ئەوروپا یانە ئیتاڵییەکە لە توانای دوو یاریزانی کاریگەری بێبەش دەبێت، سەرەتای ئەم مانگە جیانلوکا ساکاماکا هێرشبەر و ئەستێرەی یانەکە لە یاریی دۆستانەی بەرامبەر پارما تووشی پێکان بوو، ئەو هێرشبەرە لە ئەژنۆی پێکانی هەیە و لە یارییەکەی چوارشەممە بێبەش دەبێت، لەکاتێکدا کاریگەرترین یاریزانی گاسپەرینییە.
جگە لە ساکاماکا، نیکۆلۆ زانیۆلۆ یاریزانی نوێی یانەکەش پێکانی هەیە و بە رێژەیەکی زۆر بۆ یارییەکەی ریال مەدرید بەردەست نابێت.
یاریزانێکی ئاتاڵانتا لە یانەکە یاخی بووە
تیۆن کۆپمێینەرس ناوەڕاستکاری هۆڵەندی لە یانەی ئاتاڵانتا یاخی بووە و لە یارییەکەی جامی سوپەری ئەوروپا بەشداریی ناکات، ئەو یاریزانە هۆڵەندییە لەگەڵ یوڤێنتۆس گەیشتووەتە رێککەوتن و دەیەوێت یانەکەی ناچار بکات دەستبەرداری بێت.
کۆپمێێنەرس یەکێک بوو لە کاریگەرترین یاریزانەکانی وەرزی رابردووی ئاتاڵانتا، کە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 51 یاری بەشداریی 22 گۆڵی کرد (15 گۆڵ و 7 ئەسیست).
پێشتر گاسپەرینی راهێنەری ئاتاڵانتا بێبەشبوونی ناوەڕاستکارە هۆڵەندییەکەی لە یاریی سوپەری ئەوروپا یەکلاکردووەتەوە و ئەو یاریزانە 26 ساڵانە بەشداریی راهێنانەکانی یانەکە ناکات.
هێلی بەرگری یانەکەی بێرگامۆ شڵۆقە
لە یارییە ئامادەکارییەکانی ئەم هاوینەی ئاتاڵانتا نیگەرانی لەلای هەودارانی یانەکە دروستکردووە، ئاتاڵانتا لەو سێ یارییە دۆستانەی لەم هاوینە بەرامبەر ئەلکەماری هۆڵەندی، پارمای ئیتاڵی و سانت پاولی ئەڵمانی ئەنجامی داون، هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە، دووچاری دوو دۆڕان و یەکسانبوونێک بووە.
هێلی بەرگری یانەکەی بێرگامۆ لەو سێ یارییە ئامادەکارییە نیشانەی پرسیاری لەسەرە، ئاتاڵانتا لەو سێ یارییە نۆ گۆڵی لێکراوە و تەنیا سێ گۆڵی کردووە، هەوادارانی یانەکە دوودڵن بەو دۆخە رووبەڕووی کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر ببنەوە.
چوارشەممە کاتژمێر 22:00 ریال مەدرید و ئاتاڵانتا لە جامی سوپەری ئەوروپا لە پۆڵەندا بەیەک دەگەن.