ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

پاو ڤیکتۆر؛ لاوە دەرکەوتووەکەی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا کێیە؟

لە دوو یاریی ئامادەکاریی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا سێ گۆڵی کردووە

Yariga App

یاریگا –

پاو ڤیکتۆر لەم هاوینە بە ئاستە بەرزەکەی لە یارییە ئامادەکارییەکانی بارسێلۆنا هەمووانی سەرسام کردووە، ئەم یاریزانە 22 ساڵانە خەریکە لەسەر دەستی هانسی فلیک ببێتە یەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی بلاوگرانا.

پاو ڤیکتۆر لە هەردوو یارییە ئامادەکارییەکەی بارسا لەم هاوینە سێ گۆڵی کردووە، لە یاریی کلاسیکۆ هەر دوو گۆڵی یارییەکەی کرد و بە پیاوی یارییەکەش دەستنیشانکرا، لە یاریی پێشتریش بەرامبەر مانچێستەر سیتی گۆڵێکی کرد.

پاو ڤیکتۆر دوای بردنەوەکەیان بەرامبەر کلاسیکۆ چی گوت؟

‘ئەمە خەونێک بوو بووە راستی، ئێستا من لە بەهەشتدام، دایک و باوکم و خێزانەکەم و هاوڕێیەکانم هەمیشە پشتیوانیان دەکرد، دڵخۆشم بەوەی خەونەکەم هاتەدی، هیوادارم ئەمە دەستپێکێکی گەورە بێت، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەرێکی بێ وێنەیە، دەمەوێت شتی زۆری لێوەر فێربم، وادیارە هاتریک ئێستا بووەتە دوو گۆڵ، چونکە دوای یارییەکە تۆپی یارییەکەیان پێدام و گاڵتەیان پێ دەکردم، دەیانگوت هاتریکت کردووە’.

هەرگیز ئەو دوو گۆڵەی بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکردن لەبیر ناکەم، ئەمە خەونێک بوو بووە راستی.

مانگی رابردوو بارسێلۆنا تەنیا بە 3 ملیۆن یۆرۆ پاو ڤیکتۆری کڕیەوە!

پاو ڤیکتۆر یەکێکە لە گرێبەستەکانی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا، ئەم هێرشبەرە 22 ساڵانە لە جیرۆناوە پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە کرد، وەرزی رابردوو بە خواستن لە تیپی دووەمی بارسێلۆنا یاریی دەکرد، بەڵام ئەم هاوینە بارسا بە سێ ملیۆن یۆرۆ کردییە موڵکی خۆی و تاوەکو هاوینی 2029 بۆ ماوەی پێنج ساڵ گرێبەستی لەگەڵ پاو ڤیکتۆر واژۆکرد.

ئەم هێرشبەرە لاوە کە لە خولی پلە دووی ئیسپانیا یاریی بۆ جیرۆنا دەکرد، وەرزی رابردوو لە تیپی دووەمی بارسێلۆنا لە 36 یاری 7 گۆڵ و 6 ئەسیستی کرد.

دوای ئاستە بەرزەکەی بەرامبەر ریال مەدرید، میدیاکانی ئیسپانیا ستایشی پاو ڤیکتۆریان کرد، تەنانەت تۆماس رۆنسێرۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی داوا لە هانسی فلێک دەکات بوێر بێت و لیڤاندۆڤسکی بکاتە یەدەک، لە هێلی پێشەوە پشت بە پاو ڤیکتۆر ببەستێت.

Image

پاو ڤیکتۆر کێیە؟

رۆژی 26ـی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی 2001 لە ئیسپانیا لەدایکبووە، لە ئەکادیمیای یانەی جیرۆنا پێگەیشتووە و لە تیپی لاوانی سابادێلیش یاریی کردووە، برای گەورەی گویلێم ڤیکتۆرە کە ئەویش لە بارسێلۆنا یاریی دەکات و بەرگریکاری راستە.

پاو ڤیکتۆر لە هێڵی هێرشبردن یاریزانێکی جۆکەرە، لە سەرەڕم و باڵەکان یاریی دەکات، وەرزی رابردوو لەژێر سەرپەرشتی رافایل مارکێز راهێنەری مەکسیکی تیپی دووەمی بارسێلۆنا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، وەکو هێرشبەرێکی سەرەڕم ئازادییەکی تەواوی پێدرابوو.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button