یاریگا –
ئەحمەد سەڵاح نزیکە بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی شوڕتە بگرێتە ئەستۆ.
هاشم رەزا بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەی شوڕتە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ئەحمەد سەڵاح نزیکترین بەربژێرە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەکەیان و دەڵێت :’بەهۆی ئەوەی موئمین سلێمان راهێنەری یانەکەمان بڕوانامەی پرۆی نەبوو، داوامان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کرد رێگای پێبدرێت وەرزی داهاتوو لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکەمان بەردەوام بێت، بەڵام داواکەمان رەتکرایەوە’.
هەروەها دەشڵێت :’بۆیە بە ناچاری بڕیارمان دا بەدوای راهێنەرێکی دیکەدا بگەڕێین و ئەحمەد سەڵاح نزیکترین بژاردەیە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەکەمان، لە یاریزانانی یانەکەمان نزیکە و خاوەنی بڕوانامەی پڕۆیە’.
شوڕتە سێ وەرزە لەسەریەک دەبێتە پاڵەوانی عێراق و وەرزی رابردوو هەردوو نازناوی خول و جامی بەدەستهێنا، کە راهێنەرە میسڕییەکە دوو وەرز بوو لەسەر یەک یانە سەوزپۆشەکەی بەغدای دەکردە پاڵەوانی عێراق.
ئەحمەد سەڵاح پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی زاخۆ و تەڵەبەی کردووە و لە شوڕتەش وەکو یاریدەدەری راهێنەر کاری کردووە، وەرزی داهاتوو شوڕتە وەکو نوێنەری عێراق بۆیەکەمجار لە مێژوودا بەشداریی خولی بژاردەکانی پاڵەوانانی ئاسیا دەکات.