ئه‌مریکا

ئەمریکا ئۆفەرێکی چاوەڕواننەکراو پێشکەشی کڵۆپ دەکات

Yariga App

یاریگا –

یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکا دەیەوێت یۆرگن کلۆپ وەکوو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکەی دەست نیشان بکات.

ئەو ئاستە نائومێدکەر و ئەنجامە خراپەی هەڵبژاردەی ئەمریکا لە پێشبڕکێکانی کۆپا ئەمێریکای 2024 بەدەستی هێنا، وایکرد یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە هاوکارییەکانی لەگەڵ گرێگ بێرهالتەر بدات، شەوی رابردووش بە فەرمی لە سەرکردایەتی تیپەکە دوورخرایەوە.

پێش ئەمەش دەنگۆی دوورخستنەوەی ئەم راهێنەرە لە سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەمریکا هەبوو و بژاردەکانی جێگرەوەی لەم تیپەدا کە بڕیارە میوانداری مۆندیالی 2026 بکات وروژێنران، بەڵام ئێستا رۆژنامەی ئیندیپێندێنت هەواڵێکی سەرنجڕاکێش و چاوەڕواننەکراوی سەبارەت بە راهێنەری داهاتووی ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە.

رۆژنامەکە رایگەیاندووە کە بەڕێوەبەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکا پەیوەندییان بە یۆرگن کلۆپ کردووە بۆ ئەوەی راهێنەری ئەڵمانیەکە رازی بکەن سەرکردایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان لە مۆندیالی 2026 قبوڵ بکات.

دوای کۆتایی هاتنی وەرزی رابردوو، کلۆپ دەستی لە سەرکردایەتی لیڤەرپوول کێشایەوە و رایگەیاند، لەم ماوەیەدا فشارێکی زۆری لەسەر بووە و چیتر توانای بەردەوامبوونی لەگەڵیان نییە و پێویستی بە پشوودان و بۆ ماوەیەک دوورکەوتنەوە لە تۆپی پێ هەیە.

بەڵام پێدەچێت پێشکەش کردنی ئۆفەری راهێنەرایەتی لە مۆندیالی 2026 زۆر سەرنجڕاکێش و گرنگ بێت بۆ ئەم راهێنەرە ئەڵمانییە و رەنگە وەسوەسەی بکات جارێکیتر بگەڕێتەوە یاریگاکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button