راپۆرتی تایبەتکۆپا ئەمێریکا 2024گرنگترینیاریگا

پریڤیوی یاریی ئەرجەنتین V کەنەدا؛ دوا هەواڵ و پێکهاتەی پێشبینیکراو

پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

Yariga App

یاریگا –

ئەرجەنتین و کەنەدا لە قۆناخی پێش کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2024 کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیانی چوارشەممە لە یاریگای مێتلایف لە نیوجێرسی بەیەک دەگەن، پێیرۆ مازا ناوبژیوانی چیلی بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە راسپێردراوە، خوان لارای هاونیشتیمانیشی وەکو ناوبژیوانی ڤار ئەو یارییە بەڕێوە دەبات.

براوەی یارییەکەی ئەرجەنتین و کەنەدا بەرەبەیانی دووشەممە لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا رووبەڕووی براوەی یاریی کۆلۆمبیا و ئۆرۆگوای دەبێتەوە، دۆڕاوی هەردوو یارییەکەش بەرەبەیانی یەکشەممە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم دەکەن.

Image

راستییەکانی یارییەکە

  • دووەمجارە لە کۆپا ئەمریکای ئەمجارە رووبەڕوو دەبنەوە، لە قۆناخی کۆمەڵەکان رۆژی 21ـی مانگی رابردوو لە کۆمەڵەی یەکەم بەیەک گەیشتن، ئارجێنتینا 2-0 ئەو یارییەی بردەوە، جولیان ئالڤارێز و لاوتارۆ مارتینێز گۆڵەکانیان کرد.
  • ئارجێنتینا لە دوایین 10 یاری بەرامبەر هەڵبژاردەکانی کۆنکاکاف سەرجەمیانی بردووەتەوە، تەنانەت لە دوایین 6 یاری هیچ گۆڵێکیشی لێ نەکراوە.
  • ئارجێنتینا لە پاڵەوانێتییە گەورەکان لە دوایین هەشت وەشاندا حەفت جار گەیشتووەتە قۆناخی پێش کۆتایی، تەنیا لە مۆندیالی 2018 تانگۆ لە قۆناخی 16 ماڵئاوایی کرد.
  • لەوەتەی لیۆنێل سکالۆنی بووەتە راهێنەری ئارجێنتینا، هەڵبژاردەکە هەر چوار جار بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بردنەوەی بەدەستهێناوە.
  • ئارجێنتینا پێنجەمجارە لە کۆپا ئەمریکا لە هەمان وەشاندا دوو جار رووبەڕووی هەڵبژاردەیەک دەبێتەوە.
  • ئەرجەنتین هەر سێ یارییەکەی لە قۆناخی کۆمەڵەکان بردەوە و بە پلەی یەکەم گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی، لەویش بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە ئیکوادۆری بردەوە.
  • کەنەدا لە قۆناخی کۆمەڵەکان تەنیا بردنەوەیەکی بەدەستهێنا و بە دووەمی کۆمەڵەکەی لەدوای ئەرجەنتین گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی، لەویش بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە ڤێنزوێلای بردەوە.

پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە

ئەرجەنتین: ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆنزالۆ مۆنتێل، کریستیان رۆمێرۆ، لیساندرۆ مارتینێز، نیکۆلاس تالیافیکۆ، رۆدریگۆ دی پاول، لیاندرۆ پارێدێس، ئەلێکسس ماک ئالیستەر، لیۆنێل مێسی، لاوتارۆ مارتینێز، ئانخێل دی ماریا.

کەنەدا: ماکسیم کریپیو، ئالیستایەر جۆنستن، مۆیس مۆمبیتۆ، دێریک کۆرنیلوس، ئەلفۆنسۆ دەیڤز، ئیسماعیل کۆنێ، ستێفن ئوستاکیۆ، لیام میلار، جۆناتان دەیڤد، جەیکوب شافێڵبێرگ، کایڵ لارن.

Image

لێدوانی راهێنەرەکان لەبارەی یارییەکە

لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری ئەرجەنتین: زۆر ئاسانە لەبارەی یاریکردنی یان نەکردنی مێسی بڕیار بدەی، ئەگەر ئەو تەواو ئامادە بێت ئەوا هەمیشە یاریی دەکات، دوایی قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەگەر تەواو ئامادەبوو ئەوا یاریی دەکات، ئەگینا من بەرپرسیارەتی هەڵناگرم و ئەو ئەرکە ناخەمە سەر شانم، مێسی سەلامەتە و بۆ یارییەکەی سبەی بەشێک دەبێت لە یارییەکە، لەوانەیە مێسی و دی ماریا لە یارییەکە سەرەکی بن، من بڕوا ناکەم جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئاستی هەڵبژاردەکانی کۆنکاکاف و کۆنمیبۆل هەبێت.

جیسی مارش، راهێنەری کەنەدا: لە دوایین یارییمان بەرامبەر مێسی یارییەکی باشمان نەکرد، زۆر بە سەربەستی بەرامبەر گۆڵپارێزی ئێمە رایدەکرد، ئێمە تەنیا چاودێری ناخەینە سەر ئەو، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەوڵ دەدەین بەرگرییەکی بەهێز لە بەرامبەری بکەین، گرنگترین شت ئەوەیە بتوانین بەرگرییەکی بەهێز بەرامبەر مێسی بکەین و چاودێری بکەین، نابێت رێگای پێبدەین وەکو یاریی رابردوو بە کەیفی خۆی بێ و بڕوات، بەدڵنیاییەوە یاریکردن بەرامبەر مێسی بۆ ئێمە جێگای شانازییە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button