ئینگلتەراچامپیۆنزلیگگرنگترین

یوێفا بڕیاری کۆتایی لەسەر بەشداریکردنی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگدا

مان سیتی کێشەی هاوخاوەندارێتی لەگەڵ جیڕۆنا هەیە

Yariga App

یاریگا –

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ رەزامەندی لەسەر بەشداریکردنی مانچێستەر سیتی و جیڕۆنا لە وەشانی داهاتووی چامپیۆنزلیگدا، سەرەڕای ئەوەی گروپی سیتی بۆ تۆپی پێی ئیماڕاتی، خاوەنی هەردوو یانەکەیە، ئەمەش پێچەوانەی رێساکانی یەکێتییەکەیە.

لە ماددەی پێنجەمی رێساکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ تۆپی پێی هاتووە

نابێ هیچ کەس و دامەزراوەیەکی یاسایی کۆنتڕۆڵ یاخود کاریگەری لەسەر زیاتر لە یەک یانەی بەشدار لە یەکێک لە پاڵەوانیەتییەکانی یوێفادا هەبێت. دەبێ یوێفا بڕوای بە جیاوازی خاوەندارێتی یانەکان هەبێت، تاوەکو پارێزگاری لە بێلایەنی بکات.

گروپی سیتی بۆ تۆپی پێ بەڕێژەی 100% خاوەنی مانچێستەر سیتییە و بەڕێژەی 47%یش خاوەنی جیڕۆنای ئیسپانییە. هەردوو یانەکەش بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو سەرکەوتوون.

چارەسەرکردنی کێشەکان

لەژێر سەرپەرشتی دەستەی چاودێری دارایی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، گروپی سیتی بۆ تۆپی پێ رەزامەندی لەسەر کەمکردنەوەی پشکەکانی لە جیڕۆنا داوە. گروپەکە ئامادەیە پشکەکانی بۆ رێژەیەک کەمبکاتەوە، هاوتەریب بێت لەگەڵ رێساکانی یوێفا.

لە بەیاننامەیەکدا یوێفا روونیکردووەتەوە

گروپی سیتی بۆ تۆپی پێ بە بەڵگە دووپاتیکردووەتەوە، بە یەک دەستەی کارگێڕی سەرپەرشتی دوو یانەکە ناکەن، تەنانەت کاریگەریی لەسەر دوو یانەی جیاواز لە کاتێکدا ناکەن، لەلایەکی دیکەوە نابێ هەردوو یانەکە تاوەکو سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2025 هیچ یاریزانێک لە نێوان خۆیاندا بگوازنەوە.

دۆخی مانچێستەر سیتی و جیڕۆنا هاوشێوەی مانچێستەر یونایتد و نیسی فەڕەنسییە، چونکە کۆمپانیای ئینەس سپۆرت خاوەنی هەردوو یانەکەیە و هەردووکیان بۆ یۆرۆپالیگ سەرکەوتوون.

دەست لەکارکێشانەوە

بەر لەوەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا رەزامەندی لەسەر بەشداریکردنی هەردوو یانەکە بدات، رۆژنامەی تایمز بڵاویکردەوە، سێ ئەندامی دەستەی کارگێڕی جیڕۆنا، دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ مانچێستەر سیتی.

لە راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەکەدا هاتووە، سێ پارێزەر شوێنی ئەندامەکانییان پڕکردووەتەوە، ئەمە هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوە بوو، تاوەکو یوێفا رەزامەندی لەسەر بەشداریکردنیان بدات.

گروپی سیتی بۆ تۆپی پێ جیا لە خاوەندارێتی مانچێستەر سیتی و جیڕۆنا، خاوەنی پشکی زۆرینەی مێلبۆرن سیتی ئوسترالی، نیویۆرک سیتی ئەمریکی، مومبای سیتی هیندی، مۆنتیڤیدیۆ سیتی ئوروگوایی، تروای فەڕەنسی، لۆمێلی بەلجیکی، پالێرمۆی ئیتاڵی و باهیای بەڕازیلییە. هەروەها گروپەکە پشکی لە هەردوو کۆمپانیای شینشن پینگ سیتی چینی و یۆکۆهاما مارینۆسی ژاپۆنییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button