راپۆرتی تایبەتعێراقگرنگترین

شوڕتە یان قوە جەوییە؛ کامیان دەبێتە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق؟

لەوانەیە زاخۆ نازناوەکە لە نێوان شوڕتە و جەوییە یەکلا بکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

تەنیا دوو گەڕ لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ماوە و شوڕتە و قوە جەوییە لە کێبڕکێیەکی بەهێزدان بۆ ئەوەی نازناوی خولەکە بەرز بکەنەوە، شوڕتە بە جیاوازیی سێ خاڵ لەپێش قوە جەوییە دێت و پێشەنگی خولەکەی گرتووە.

یاریزانانی شوڕتە
یاریزانانی شوڕتە

شوڕتە دەیەوێت پارێزگاریی لە نازناوەکەی بکات

شوڕتە کە لە دوو وەرزی رابردوو بووەتە پاڵەوانی عێراق، بە کۆکردنەوەی 81 خاڵ پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە و دوو یاریی بەرامبەر دهۆک و زەوڕا ماوە، هەردوو یارییەکەی بباتەوە بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یارییەکانی قوە جەوییە دەبێتە پاڵەوان.

هەردوو یارییەکەی شوڕتە لە گەڕەکانی کۆتایی قورسن، چونکە لە قۆناخی یەکەم لە یاریگای دهۆک 2-0 تووشی شکست بوو، لەگەڵ زەوڕای هاوشاریشی 2-2 یەکسان بوون، بۆیە سەوزپۆشەکانی بەغدا دوو یاریی قورس چاوەڕێیان دەکات کە شەش جار لە مێژوودا نازناوی خولەکەیان بردووەتەوە.

یاریزانانی قوە جەوییە
یاریزانانی قوە جەوییە

قوە جەوییە چاوی لە کەوتنی شوڕتەیە و دوو یاریی ئاسانتری هەیە

قوە جەوییە کە بە کۆکردنەویە 78 خاڵ پلەی دووەمی گرتووە و سێ خاڵ لەدوای شوڕتەی پێشەنگ دێت، لەسەر کاخەز دوو یاریی ئاسان چاوەڕێی دەکات، لە گەڕی سی و حەفتەمین دەبێتە میوانی قاسم و لە گەڕی کۆتایی خولەکەش میوانداریی نەفتی وەسەت دەکات.

جەوییە کە لە مێژوودا 7 جار نازناوی خولی عێراقی بەدەستهێناوە، دەیەوێت سیناریۆی 2020/2021 دووبارە بکاتەوە کە بۆ دوایین جار بووە پاڵەوانی عێراق، کە لە دوایین چوار وەرزدا شوڕتە و جەوییە نازناوی خولەکەیان بەدەستهێناوە.

لەوانەیە زاخۆ نازناوەکە لە نێوان شوڕتە و جەوییە یەکلا بکاتەوە

لەوانەیە یانەی زاخۆ چارەنووسی نازناوی ئەم وەرزە یەکلا بکاتەوە کە لە دادگای کاس سکاڵای تۆمارکردووە و داوای سێ خاڵی یارییەکەی لە گەڕی هەشتەمی خولەکە دەکات، لەو یارییە کە شوڕتە 2-0 لە زاخۆی بردەوە، بەهۆی یاریکردن بە شەش یاریزانی پیشەگەر لە یارییەکەدا، زاخۆ داوا دەکات ئەنجامی یارییەکە 3-0 لە بەرژەوەندیی زاخۆ هەژمار بکرێت، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تا ئێستا یارییەکەی لە بەرژەوەندیی شوڕتە هەژمار کردووە.

یانەی قوە جەوییە پێش دوو گەڕی کۆتایی خولەکە، لە بەیاننامەیەکیدا داوای کردووە خولەکە بوەستێت تاوەکو چارەنووسی ئەنجامی یارییەکەی شوڕتە و زاخۆ یەکلا دەبێتەوە، کە تاوەکو ئێستا دیار نییە دادگای کاس چ بڕیارێک لەبارەی ئەم یارییە دەدات.

بەگوێرەی یاسای خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەگەر دوو یانە ژمارەی خاڵەکانیان وەکو یەک بێت، بۆ یەکلاکردنەوەی نێوانیان پشت بە ئەنجامی هەردوو یاریی نێوانیان دەبەسترێت، شوڕتە و قوە جەوییە لە هەردوو یارییەکەی ئەم وەرزەیان 2-2 و 1-1 یەکسان بووینە، بۆیە پەنا دەبرێتە بەر جیاوازیی گۆڵەکانیان لە خولەکە، کە تا ئێستا جیاوازیی خاڵەکانی شوڕتە 37 گۆڵە و جیاوازیی گۆڵەکانی جەوییە 35 گۆڵە.

بابەتی زیاتر

Back to top button