گرنگترینیۆرۆی 2024

ئەڵمانیا داوای سەپاندنی سزای توند بەسەر مێری دەمیڕال دەکات

دوا هەڵوێستی حکومەتی ئەڵمانیا لەسەر رەفتارەکەی دەمیڕال بزانە

Yariga App

یاریگا –

کاردانەوەکانی شێوازی ئاهەنگگێڕان و ‘سڵاوەکەی’ مێری دەمیڕال فراوان دەبن و ئەڵمانیا داوای سزای توند دەکات.

لە دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، دەمیڕال لەسەر شێوازی پارتێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیا ئاهەنگی گێڕا و سڵاوی لە هاندەران کرد.

یاریزانی ئەهلی سعودی لە خولەکی یەکەمدا گۆڵی یەکەمی کرد و لە ناوەڕاستی گێمی دووەمیشدا گۆڵی دووەمی تیمەکەی کرد و لە قۆناخی داهاتوودا، تورکیا رووبەڕووی هۆڵەندا دەبێتەوە.

نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە توندی رەخنە لە یاریزانەکە دەگرێت و لە پۆستێکی پلاتفۆڕمی ئێسکدا دەڵێت

سیمبووڵی راستڕەوە توندڕەوەکانی تورکیا هیچ شوێنێکیان لە یاریگاکانی ئەڵمانیا نییە. بەکارهێنانی پاڵەوانیەتی تۆپی پێی ئەوروپا وەک سەکۆیەک بۆ رەگەزپەرستی بە تەواوی قبووڵکراو نییە.

لە یاریی دوێنێ شەودا، دەمیڕال هاوشێوەی ئەندامانی ‘گورگەکانی خۆڵەمێشی – Grey Wolves’ سڵاوی ‘گورگی’ کرد. گورگەکانی خۆڵەمێشی، گرووپێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیایە، نزیکی پارتی ناسیۆنالیستی تورکیا ‘MHP’یە، کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە لە حکومەتی ئێستای تورکیا.

ئاژانسی پاراستنی دەستوور لە ئەڵمانیا بزووتنەوەی گورگەکانی خۆڵەمێشی بە گروپێکی توندڕەو دادەنێت، هەروەها ئەم جۆرە سڵاوە لە فەرەنسا و نەمسا قەدەخەکراوە. لە ساڵی 2019 پەرلەمانی نەمسا بە یاسای رەتکردنەوەی سیمبووڵی رێکخراوە توندڕەوەکان، سڵاوەکەی قەدەخەکرد و بە پڕوپاگەندەی هەژمار دەکات.

بزووتنەوەی گورگەکانی خۆڵەمێشی زیاتر لە 12 هەزار ئەندامی هەیە، ئایدۆلۆژیای بزووتنەوەکە بریتییە لە بە ناسیۆنالیست، دژە سامییەت و توندڕەوی راستڕەو. ئامانجی گەورەیان کۆکردنەوەی گەلانی تورکیایە ‘Turkic People’ لە چین تاوەکو وڵاتانی بەلقان.

لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ لێکۆڵینەوە لەگەڵ مێری دەمیڕال، بەرگریکاری تورکیا دەکات، دوای شێوازە پڕ ‘مشتومڕەکەی’ لە یاریی شەوی رابردوو بەرامبەر نەمسا.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە

لە یاری قۆناخی 16ی نێوان نەمسا و تورکیا کە لە لایپزیگ بەڕێوەچوو، بە بیانووی رەفتارێکی نەشیاو دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە بە پشتبەستن بە ماددەی 31 لە رێساکانی تەمبێکاری یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، لە بەرامبەر مێری دەمیڕال، یاریزانی تۆپی پێی تورکیا کراوەتەوە.

لە دوای یارییەکە، دەمیڕال دڵخۆشی خۆی بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ دەربڕی و لەبارەی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکە گوتی ‘زۆر شانازی دەکەم’

ئەم شێوازەی ئاهەنگگێڕانەم ئامادەکردبوو و بەو شێوەیەش ئاهەنگم گێڕا. زۆر شانازی دەکەم کە تورکم، لە دوای گۆڵەکەش زۆر هەستم بە تورک بوونی خۆم کرد. زۆر دڵخۆشم بەوەی کردوومە.

گورگە خۆڵەمێشییەکان بە هێرشکردنە سەر پێکهاتە جیاوازەکانی تورکیا بەناوبانگن. پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 2021 داوای لە ئەندامان کرد، بزووتنەوەی گورگە خۆڵەمێشییەکان بخەنە لیستی تیرۆر و چالاکییەکانی لە ئەوروپا قەدەخە بکەن.

لە مارس/ئاداری رابردوودا، گروپێکی نەژادپەرستی تورکیا بە سڵاوی گورگ، هێرشییانکردە سەر چەند خێزانێک کورد کە لە شارێکی بەلجیکا خەریکی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز بوون. ئەوکاتە شەش کەس برینداربوون و گروپەکە ئاڵای کوردستانیان سووتاند.

بابەتی زیاتر

Back to top button