عێراقکوردستان

قوە جەوییە هەڕەشەی کشانەوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات

داوای دەستبەجێ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی یاریی شوڕتە و زاخۆ دەکات

Yariga App

یاریگا-

دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، قوە جەوییە بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی کشانەوە لە خولەکە دەکات.

یانەی قوە جەوییە لە بەیاننامەیەکیدا رەخنە لە میکانیزمی دەستنیشانکردنی ناوبژیوانانی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەگرێت و لە بەیاننامەکەیدا هاتووە: بەداخەوە بۆ ئەو هەڵانەی ناوبژیوانان لە بەرژەوەندی شوڕتە بەکاری دێنن، یەکێتی تۆپی پێی عێراق ناوبژیوانی دەرەوە بۆ ئێمە دادەنێت بەڵام ناتوانێت بۆ یارییەکانی شوڕتە دایبنێت.

شوڕتە لە گەڕی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەی بەرامبەر نەجەف دوو گۆڵی کرد، کە یەکێکیان بە لێدانی سزا بوو.

قوە جەوییە لە بەیاننامەکەیاندا هەڕەشەی کشانەوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکەن و داوای یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یاریی شوڕتە و زاخۆ دەکەن، لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە :’بەبێ پاشگەز بوونەوە بیر لە کشانەوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکەینەوە، داوا دەکەین خولی ئەستێرەکانی عێراق دوابخرێت تاوەکو مشتومڕی ئەنجامی یاریی شوڕته و زاخۆ یەکلایی دەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی لە سەر دەدرێت؛.

تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی چارەنووسی ئەنجامی یارییەکەی شوڕتە و زاخۆ یەکلانەبووەتەوە، کە شوڕتە ئەو یارییەی لە زاخۆ بردەوە، بەڵام دواتر بەهۆی یاریپێکردنی شەش یاریزانی پیشەگەر زاخۆ سکاڵای تۆمارکرد، گەرچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سێ خاڵی یارییەکەی بە شوڕتە داوە، بەڵام زاخۆ لە دادگای کاس کاڵای تۆمارکردووە و داوای سێ خاڵی یارییەکە دەکات.

شوڕتە بە 81 خاڵ پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە و قوە جەوییەش بە 78 خاڵ لە خانەی دووەم دێت، ئەگەر سێ خاڵەکە لە شوڕتە وەربگیرێتەوە بدرێتە زاخۆ ئەوا کۆی خاڵەکانی شوڕتە و جەوییە یەکسان دەبێت، شوڕتە بەرامبەر دهۆک و زەوڕا دوو یاریی ماوە و قوە جەوییەش بەرامبەر قاسم و نەفتی وەسەت دوو یاریی هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button