ئیتاڵیابازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقگرنگترین

بۆچی گرێبەستی عەلی جاسم لەگەڵ یانەی کۆمۆی ئیتاڵی شکستیهێنا؟

مەرجێکی کاساس بووە بەربەست لە بەردەم چوونی یاریزانە لاوە عێراقییەکە بۆ سێریا ئەی

Yariga App

یاریگا –

گەرچی گرێبەستی عەلی جاسم لەگەڵ یانەی کۆمۆی ئیتاڵی یەکلاببووەوە و یاریزانە عێراقییەکە لەسەر هەموو شتێک لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە گەیشتبووە رێککەوتن، بەڵام لە کۆتاییدا گرێبەستەکە بەهۆی مەرجێکی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق شکستیهێنا.

درەنگانی شەوی رابردوو (18ـی یۆنیۆ/حوزەیرانی 2024) فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی ئاشکرایکرد، یانەی کارەبای عێراقی و کۆمۆی ئیتاڵی لەبارەی گرێبەستی عەلی جاسم گەیشتوونەتە رێککەوتن و یاریزانە لاوە عێراقییەکە لەسەر هەموو شتێک لەگەڵ یانەی کۆمۆ گەیشتووەتە رێککەوتن.

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، عەلی جاسم کە بە خواستن یاریی بۆ یانەی قوە جەوییە دەکرد و موڵکی یانەی کارەبایە، لەسەر داوا و پێداگیری خیسوس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق مەرجی ئەوە بوو لەگەڵ تیپی یەکەمی یانە ئیتاڵییەکە بێت، نەوەک لەگەڵ تیپی لاوان یان تیپی دووەمی یانەکە مەشق و راهێنان و یاریی بکات.

خیسوس کاساس راهێنەری ئیسپانی هەڵبژاردەی عێراق کە پێشتر سیسک فابریگاس راهێنەری ئیسپانی یانە ئیتاڵییەکە پەیوەندیی پێوە کردبوو لەبارەی گرێبەستی عەلی جاسم قسەیان کردبوو، مەرجی ئەوە بوو ئەگەر عەلی جاسم بچێتە کۆمۆ یان هەر یانەیەکی دیکە دەبێت لەگەڵ تیپی یەکەم بێت، نەوەک بنێردرێتە تیپی دووەمی یانەکە.

یانەی کۆمۆی ئیتاڵی دوای شکستهێنانی گرێبەستەکەی عەلی جاسم لەبارەی هۆکارەکان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە :’بەداخەوە ناتوانین مەرجی زیادەی عەلی جاسم جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی لە تیپی یەکەمی یانەکەمان یاریی بکات، ئێمە پێویستمان بەوەیە زیاتر گەشە بە یاریزانەکە بدەین و پەرەی پێبدەین ، بۆیە پێویست دەکات ماوەیەک لەگەڵ تیپی دووەم یان هەر تیپێکی دیکەی یانەکەمان بەسەر ببات، بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت بۆی تا بتوانێت لە سێریا ئەی کێبڕکێ بکات’.

یانەی کۆمۆ کە وەرزی رابردوو لە سێریا بییەوە سەرکەوت بۆ سێریا ئەی و وەرزی داهاتوو لە سێریا ئەی یاریی دەکات، هەریەکە لە سیسک فابریگاس و تێری هێنری بەشێک لە پشکەکانی یانەکەیان کڕیوەتەوە کە یانە ئیتاڵییەکە لەلایەن سەرمایەدارێکی ئیندۆنیزییەوە خاوەندارییەتی دەکرێت.

عەلی جاسم لەدایکبووی 20ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2004 لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەکات و جگە لە یانەی کۆمۆی ئیتاڵی پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو یانەکانی برایتنی ئینگلیزی و ریال بیتیسی ئیسپانیش چاودێری ئەو یاریزانە 20 ساڵانە دەکەن.

عەلی جاسم وەرزی رابردوو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لەگەڵ یانەی قوە جەوییە لە پێنج یاری چوار گۆڵی کرد و ئەم وەرزەش لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نۆ گۆڵی بۆ یانەکەی بەغدا تۆمارکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button