عێراقکوردستان

هەولێر میوانداری نەفتی میسان دەکات و نەورۆزیش لە بەغدا رووبەرووی نەفت دەبێتەوە

Yariga App

یاریگا-

لە رۆژی دووەمی یارییەکانی گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگای خۆی یاری دەکات و نەفتیش میوانداری نەورۆز دەکات.

ئەمڕۆ ( 19ـی حوزەیران/ یۆنیۆی 2024) نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە بەغدا تایبەت لە یاریگای ئەحمەد رازی بەرامبەر نەفت یاری دەکات، لە مێژوودا هەر دوو یانە شەش یاری فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز لە یەک یاریدا براوە بووە کە ئەم وەرزەبوو کاتێک لە قۆناخی یەکەم بە ئەنجامی 3 _ 1 یاریەکەی لە نەفت بردەوە، نەفتیش یەک یاری بردۆتەوە و لە چوار یاریشدا یەکسان بوون، سورپۆشانی سلێمانی حەفت گۆڵیان تۆمار کردووە و نەفتیش بە هەمان شێوە حەفت گۆڵی لە نەورۆز کردووە، بۆ ئەم یاریە کە کاتژمێر 4:45ـی ئێوارە بەڕێوەدەچێت ئەیاد زاحم ناوبژیوانیەتی دەکات.

نەورۆز بە 48 خاڵ لە خانەی حەفتەمە و نەفتیش بە 43 خاڵ و یاریەک کەمتر لە خانەی نۆیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.

لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە هەمان کاتدا هەولێر رووبەرووی نەفتی میسان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی مانەوە لە ریزی خولی ئەستێرەکانی عێراق مسۆگەر بکات هەولێر پێویستی بە سەرکەوتنە و یاریەکەش بەبێ کاپتنی تیپەکەی شێرکۆ کەریم دەکات کە بەهۆی کەڵەکە بوونی کارتە زەردەکانی لەم یاریە دادەبڕێت، لە مێژوودا هەولێر و نەفتی میسان 12 یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە، شەش بردنەوە بۆ هەولێر بووە و نەفتی میسانیش سێ یاری سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە سێ یاریشدا یەکسان بوونە، کوڕانی قەڵاومنارە 14 گۆڵیان تۆمار کردووە و نەفتی میسانیش 11 گۆڵی لە هەولێر تۆمار کردووە، عەلی حوسێن عەلی ناوبژیوانیەتی ئەم یاریە دەکات.

هەولێر بە راهێنەرایەتی سەمیر بابۆ 32 خاڵی هەیە لە خانەی 14ــەمی خولەکە یە و نەفتی میسانیش بە 39 خاڵ لە خانەی 11ــەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button