ئیسپانیاگرنگترین

بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکە؛ گۆڕینەوەی درێس لەدوای یارییەکان لە یاریزانانی بارسێلۆنا قەدەخە کراوە

Yariga App

یاریگا –

یاریزانانی خانمانی بارسێلۆنا بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکەیان لە دوایین یارییان تووشی رووداوێکی شەرمەزارکەر بوون، بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکە، گۆڕینەوەی درێسی یاریزانان لەدوای یارییەکان قەدەخە کراوە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یاریزانانی خانمانی بارسێلۆنا لە یارییان بەرامبەر چیڤاس گوادالاخارای مەکسیکی رووبەڕووی دۆخێکی شەرمەزارکار بوونەتەوە، کاتێک یاریزانانی یانە مەکسیکییەکە داوایان لێکردوون درێسەکانیان بگۆڕنەوە، بەڵام ئەوان بەهۆی رێنماییەکانی یانەکەیان نەیانتوانیوە درێسەکانیان بگۆڕنەوە.

خانمانی بارسێلۆنا کە ئەمساڵ نازناوی چامپیۆنزلیگ و لالیگا و جامی شای ئیسپانیا جامی سوپەری ئیسپانیایان بەدەستهێنا، لەو گەشتە ئامادەکارییەی لە ئەمریکا ئەنجامیان داوە، لە یاریی سێیەمیان کاتێک 4-1 لە چیڤاسی مەکسیکیان بردەوە، بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکەیان رەتیناکردبووەوە درێسەکانیان لەگەڵ یاریزانانی تیپی بەرامبەر بگؤرنەوە، لەکاتێکدا ئەمە بووەتە نەریتێکی یارییەکانی تۆپی پێ.

Image

دوای یارییەکەیان، کە خانمانی بارسێلۆنا سێیەم یاریی لەسەریەکیان بردەوە و بوونە پاڵەوانی ئەو پاڵەوانێتییە دۆستانەیە، کاتێک یاریزانانی چیڤاسی مەکسیکی چوونەتە لای یاریزانانی بارسا، تووشی شۆک بوون کاتێک ئەو یاریزانانە پێیان گوتوون ناتوانن درێسەکانیان لەگەڵ بگۆڕنەوە.

رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، بەهۆی ئەو بڕیارانەی یانە کەتەلۆنییەکە لەپێناوی سکهەڵکوشین داویەتی بۆ ئەوەی رێگا لەو قەیرانە داراییە بگرێت کە بەرۆکی یانەکەی گرتووە، لە تیپی خانمان هەر یاریزانێک چەند درێسێکی دیاریکراوی بۆ دابینکراوە، بۆیە یاریزانانی خانمانی بارسێلۆنا بە درێژایی یارییەکانی ئەم وەرزەیان لە هیچ یارییەک درێسەکانیان لەگەڵ یاریزانانی تیپی بەرامبەر نەگۆڕیوەتەوە.

رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی یەخەی بلاوگرانای گرتووە، بەڵام لە تیپی پیاوان هێشتا گۆڕینەوەی درێسی یاریزانان لەدوای یارییەکان قەدەخە نەکراوە، چونکە مانگانە ژمارەیەکی زۆری درێس بۆ هەر یاریزانێک دابین دەکرێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button