ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

پێشهاتی نوێ؛ سێ یانە ڤاران دەکەنە ئامانج

جەنگ لەپێناو کەڵەشێرە بەئەزمونەکە

Yariga App

یاریگا –

رافایێل ڤارانی بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد بووەتە بابەتی گەرمی مێرکاتۆی هاوینە.

ڤارانی فەڕەنسی لەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد کۆتایی دێت و وەک یاریزانێکی ئازاد ماڵئاوایی لە یانەکەی دەکات. هەر لە ئێستاوە چەند یانەیەکیش خۆیان بۆ گواستنەوەی ئامادە کردووە.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی  fichajes سێ یانەی سەرەکی، ڤارانیان دەوێت.

یوڤێنتوسی ئیتاڵی بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەگری تیپەکەی ڤاران بە بژاردەیەکی گونجاو دەبینێت، بەتایبەت دوای رۆیشتنی برێمەر لە یانەکە لەم هاوینەدا، ئەزمونی بەرگریکارە فەڕەنسییەکەش دەبێتە دیوارێکی بەهێز بۆ هێڵی بەرگری خانمە پیرەکە.

چێڵسی ئەو یانەیە کە زۆرترین خواستی لەسەر گواستنەوەی ڤاران هەیە، دوای رۆیشتنی تیاگۆ سیلڤای کاپتن لە یانەکە، بلوز لەوبڕوایەدایە ڤاران دەتوانێت بۆشایی سەرکردە بەڕازیلییەکە پڕبکاتەوە، یاریزانەکە لە پرێمەرلیگ یاری کردووە و بە ئاسانی دەتوانێت لەگەڵ تیپەکە خۆی بگونجێنێت.

نەسڕی سعودی یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی چاوی لەسەر بەرگریکارە فەڕەنسییەکەیە، دەیانەوێت جارێکی دیکە دۆن و ڤاران بەیەک بگەیەننەوە، لەگەڵ ئێمریک لاپۆرتیش دووانەیەکی بەهێزیان لێ درووست بکەن، دەتوانن لە رێگەی گواستنەوەی یاریزانەکە سەرنجی زیاتر بۆسەر خولی رۆشەنی سعودی رابکێشن.

هەر بۆیە بەرگریکارە تەمەن 31 ساڵانییەکە دەبێتە بابەتێکی گەرمی مێرکاتۆی هاوینە، پێشبینی دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024، ڤاران یانەی داهاتوویی ئاشکرا بکات.

ڤاران لە هاوینی 2021 بەبڕی 40 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کرد، بەدرێسی یانەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری 95 یاری کردووە، 2 گۆڵ و یەک ئەسیستیشی کردووە.

هەر بە درێسی شەیتانە سوورەکان نازناوێکی جای یەکێتی ئینگڵتەڕا و نازناوێکی جامی خولی ئینگڵتەڕای بەدەستهێناوە.

ڤاران لە هاوینی 2011 بە بڕی 11 ملیۆن یۆرۆ لە لانسی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، تا هاوینی 2021 یاری بۆ یانە ئیسپانییەکە کردووە، بەشداری 360 یاری یانەکەی کردووە 17 گۆڵ و 7 ئەسیستیشی کردووە.

هەر بە درێسی مێرێنگی، 4 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 4 نازناوی جامی جیهانی یانەکان، 3 نازناوی لالیگا، 3 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا، 3 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا و نازناوێکی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێناوە.

لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنساش بووەتە پاڵەوانی جامی جیهانی 2018 و پاڵەوانی خولی نەتەوەکانی ئەوروپای 2021.

بابەتی زیاتر

Back to top button