ڤینیسیۆس جۆنیۆر شایستەی باڵۆن دۆری ئەمساڵە؟
بەڕازیلییەکان بۆ پاڵپشتی ڤینی دەستیان بە کەمپەینێک کردووە
یاریگا –
بەڕازیلییەکان لەپێناوی پشتیوانیکردنی ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەستیان بە کەمپەینێک کردووە و بە یەک دەنگ دەڵێن ‘ڤینیسیۆس جۆنیۆر شایستەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵە’.
رۆژی 28ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆری 2024 لە پاریس بەڕێوە دەچێت، پێشتریش رۆژی چوارشەممە (4ـی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 2024) لیستی بەربژێرانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ رادەگەیەنرێت، دوای بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ هەریەکە لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر و جود بێڵینگهام بەربژێری سەرەکین بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ.
پاڵەوانانی کۆپا ئەمریکا و جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لەمساڵ کاریگەری گەورەیان لەسەر ناسنامەی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەبێت، کە ساڵی رابردوو لیۆنێل مێسی بۆ جاری هەشتەم خەڵاتەکەی بەدەستهێنا.
دەستکەوتەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر چی بوون؟
ڤینیسیۆس جۆنیۆر کە لە ساڵی 2024 تا ئێستا سێ نازناوی لەگەڵ ریال مەدریدی ئیسپانی بەدەستهێناوە و بەربژێری یەکەمە بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، لە نیوەی ئەمساڵ نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ، لالیگا و سوپەری ئیسپانیای بەرزکردووەتەوە.
ڤینی لە وەرزی 2023-2024 لەگەڵ ریال مەدرید لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 39 یاری بەشداریی 35 گۆڵی کردووە، 24 گۆڵ و 11 ئەسیستی کردووە. جامی سوپەری ئەوروپا کە سەرەتای مانگی ئۆگێست/ئاب لە نێوان ریال مەدرید و ئاتاڵانتا بەڕێوە دەچێت، دەرفەتێکی دیکەیە لە بەردەم ڤینی بۆ ئەوەی نازناوێکی دیکە بخاتە هەگبەی خۆی و چانسی خۆی بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر زیاتر بکات.
ڤینی بە بەدەستهێنانی نازناوی کۆپا ئەمریکا بە تەواوەتی لە بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری 2024 نزیک دەبێتەوە، کە کۆتایی ئەم مانگە لە ئەمریکا لە نێوان (20ـی یۆنیۆ/حوزەیران تاوەکو 14ـی یۆلیۆ/تەمموز) لە ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.
کێن ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ پشتگیری ڤینی دەکەن؟
ریڤاڵدۆ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بڕازیل و یانەی بارسێلۆنا: ڤینیسیۆس جۆنیۆر شایستەی باڵۆن دۆری ئەمساڵە.
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید: ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر نزیکە.
رۆناڵدۆ نازاریۆ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بڕازیل و یانەی ریال مەدرید: ڤینیسیۆس جۆنیۆر شایستەی باڵۆن دۆرە، بە جیاوازییەکی زۆر لەپێشەوەی رکابەرەکانیەتی.
نێیمار داسیلڤا، یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا: ڤینیسیۆس جۆنیۆر شایستەترین یاریزانە بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ.
زۆربەی ماڵپەڕ و میدیاکان لە هەڵسەنگاندنەکانیان ڤینیسیۆس جۆنیۆر وەکو بەربژێری سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بەربژێر دەکەن، کە ڤینی خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا و رۆڵیکی یەکلاکەرەوەی لە یاریی کۆتایی بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتموند هەبوو. ماڵپەڕی گۆڵ جیهانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەڵسەنگاندنەکانی ڤینی بە بەربژێری یەکەم بۆ بەدەستهێنانی تۆپی زێڕین دادەنێت.