ئه‌ڵمانیا

پاڵەوانی جیهان بەشداری مەشقەکانی ئەڵمانیای کرد

Yariga App

یاریگا –

دوێنێ گۆردۆن هێربێرت، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی باسکەی ئەڵمانیا، گەیشتە شاری هێرزۆگنوراخ تاوەکوو لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا کۆببێتەوە و قسەیان لەگەڵدا بکات.

گۆردۆن هێربێرت راهێنەری کەنەدی لە ساڵی 2021 پۆستی راهێنەری تۆپی باسکەی ئەڵمانیای گرتە ئەستۆ و سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ پلەی سێیەم لە یۆرۆی 2022. لە ساڵی 2023 ئەڵمانیای کردە پاڵەوانی جیهان.

ئەم دیدارە لەسەر پێداگری راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، یولیان ناگلسمان بەڕێوەچوو کە خۆی هاندەری گەورەی گۆردۆنە و سەرسامی شێوازی راهێنەرایەتیەکەیەتی.

راهێنەرە کەنەدییەکە دوێنێ لە کەمپی ئەدیداس قسەی لەگەڵ یاریزانە ئەڵمانییەکان کرد و باسی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە لە مۆندیالدا بەدەستی هێنابوو کرد. نزیکەی پانزە خولەک بە تەنیا لەگەڵ تۆنی کرۆسدا قسەی کرد. پیرۆزبایی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی لێکرد و بە پێکەنینەوە گوتی:

بە کرووسم گوت دۆرتمۆند بۆ ماوەی 60 خولەک تیپی باشتری یارییەکە بووە.

هێربێرت کە دوای ئۆڵۆمپیاد دەست لە پۆستی راهێنەرایەتی باسکەی ئەڵمانیا دەکێشێتەوە، گوتی:

بەڕاستی بیری وەرزشوانانی ئەڵمانی دەکەم. ئەوان متمانەیان بەخۆیان هەیە و کەسانی بەڕێزن. یاریزانانی باسکە وەرزشوانێکی گەورەن و تەنانەت کەسانی باشترن. لەگەڵ یاریزانانی تۆپی پێشدا هەستم بەم شتە کرد.

گۆردۆن و ناگلسمان لە کاتی مەشقەکانی مانشافتدا

پاشان گۆردۆن بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر قسەی لەگەڵ ناگلسمان و ستافی راهێنەرایەتی کرد و گوتی:

ناگلسمان راهێنەرێکی گەورەیە. کەسێکە کە دەتوانم زۆر شتی لێوە فێر ببم. زۆر باش لەگەڵ ئەو و ستافەکەیدا رێککەوتم، کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنی بوو. نازانم تیپەکە چۆن دەبێت لە یۆرۆی 2024، بەڵام دڵنیام نوێنەرایەتییەکی باشی ئەڵمانیا دەکەن.

ئەڵمانیا بڕیارە لە یارییەکی دۆستانەدا سبەی کاتژمێر 21:45 خولەک رووبەڕووی هەڵبژاردەی یۆنان ببێتەوە و دواتر لە بەرواری 14ـی مانگ لە یەکەم یاریی یۆرۆی 2024 رووبەڕووی سکۆتلەندا دەبنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button