چامپیۆنزلیگگرنگترین

باشترینەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ هەڵبژێردران و ریال مەدرید زۆربەی خەڵاتەکانی بردەوە

باشترین یاریزان، یاریزانی لاو ، پێکهاتە و جوانترین گۆڵ دەستنیشانکران

Yariga App

یاریگا –

باشترین یاریزان و یاریزانی لاو و پێکهاتەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە هەڵبژێردران کە ریال مەدرید بووە پاڵەوانی خولەکە.

ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە 10 یاری بە درێسی ریال مەدرید 6 گۆڵ و 5 ئەسیستی کرد و لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە بە باشترین یاریزانی وەرزی 2023/2024ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا هەڵبژێردرا.

جود بێڵینگهام ناوەڕاستکاری 20 ساڵانی ریال مەدرید لەلایەن یوێفاوە بە باشترین یاریزانی لاوی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەستنیشانکراوە، کە بێڵی لەم وەرزە لە خولەکە لە 11 یاری بە درێسی مێرەنگی 4 گۆڵ و 5 ئەسیستی کردووە.

بێڵینگهام لە یەکم وەرزەی یاریکردنی لە ریال مەدرید بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی لالیگاش دەستنیشانکرا و لە یەکەم وەرزیدا دوو خەڵاتی تاکە کەسی بەدەستهێناوە.

لە باشترین پێکهاتەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا کە لەلایەن یوێفاوە هەڵبژێردراون، لەکۆی 11 یاریزان تەنیا سێ یاریزان لە دەرەوەی یاریی کۆتایی هەڵبژێردراون کە بریتین لە هاری کەین (بایرن میونشن) و فیل فۆدین (مانچێستەر سیتی) و ڤیتینها (پاریس سانجێرمان).

باشترین پێکهاتەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ

گۆڵپارێز: گریگۆر کۆبێڵ (بۆڕووسیا دۆرتموند)

بەرگری: دانی کارڤاخال (ریال مەدرید)، ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر (ریال مەدرید)، ماتس هەمێلس (بۆڕووسیا دۆرتموند)، ماتسن (بۆڕووسیا دۆرتموند).

ناوەڕاست: مارسێل سابیتزە (بۆڕووسیا دۆرتموند)، جود بێڵینگهام (ریال مەدرید)، ڤیتینها (پاریس سانجێرمان).

هێرشبەر: فیل فۆدین (مانچێستەر سیتی)، هاری کەین (بایرن میونشن)، ڤینیسیۆس جۆنیۆر (ریال مەدرید).

لەلایەکی دیکەوە گۆڵی فێدریکۆ ڤالڤێردی ناوەڕاستکاری ئۆرۆگوایی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی بە جوانترین گۆڵی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دەستنیشانکرا، کە رۆژی 09/04/2024 لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی تۆماریکرد و هەردوولا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ 3-3 یەکسانبوون.

ریال مەدرید بۆ جاری پازدەمین نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا و لە یاریی کۆتایی لە یاریگای وێمبلی لە لەندەن بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بۆڕووسیا دۆرتموندی بردەوە، دانی کارڤاخال و ڤینیسیۆس جۆنیۆر گۆڵەکانی مەدریدییەکانیان کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button