قسەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێز دوای بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ
یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز دوای بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ لە لێدوانێکی بۆ بەرنامەی ئێلچێرێنجیتۆی ئیسپانی نهێنیی سەرکەوتنەکانی یانەکەی ئاشکراکردووە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەڵێت :’چیرۆکێکی خۆشەویستی لە نێوان ریال مەدرید و چامپیۆنزلیگدا هەیە و ئێستا ئێمە دەمانەوێت نازناوی شازدەمین بەدەست بهێنین، ئێمە زۆر دڵخۆشین چونکە بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ هەروا ئاسان نییە، ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ خاوەنی مێژووێکی گەورەیە و هەمووان دەزانن’.
هەروەها پێرێز لەبارەی داهاتووی مۆدریچ و کرووس دەشڵێت :’بەدڵنیاییەوە مۆدریچ وەرزیكی دیکەش لە ریال مەدرید بەردەوام دەبێت، ئێمە دڵخۆشین بەوەی وەرزێکی دیکەش لەگەڵمان بەردەوام دەبێت، مۆدریچ هاوشێوەی زیدان یەکێکە لە ئەفسانەکانی یانەکەمان، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە و هەمووان وەکو یەک خێزان هاوکاری یەکتری دەکەن، ئەمە چیرۆکی ریال مەدریدە هەموو وەرزیك یانەکە بۆ چامپیۆنزلیگ و یاریزانەکانیشمان بۆ باڵۆن دۆر یاریی دەکەن’.
سەرۆکی یانە مەدریدییەکە لەبارەی بەدەستهێنانی حەفت نازناوی چامپیۆنزلیگ وەکو سەرۆکی یانەکە دەڵێت :’بێگومان هەستێکی زۆر خۆشم هەیە و خۆشەویستییەکەم بۆ یانەکە هەروەکو جارانە، پێشتر سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەمەی بونیادنا و ئێستاش ئێمە هەمووان لەسەری بەردەوامین لەپێناوی ئەوەی یانەکە بگەیەنینە لوتکە، نهێنی سەرکەوتنی ریال مەدرید ئەوەیە هیچ کەسێک لە سەرووی یانەکە نییە و کەس لە یانەکە گەورەتر نییە’.