بۆچی جود بێڵینگهام بەر لە یارییەکان بە تەنیا بە دەوری چیمەنی یاریگاکاندا دەسووڕێتەوە؟
ئەستێرە ئینگلیزییەکە هۆکارەکە ئاشکرا دەکات
یاریگا –
بەر لە هەر یارییەکی ریال مەدرید، جود بێڵینگهام بە تەنیا دەچێتە سەر چیمەنی یاریگا و بە هەموویدا دەسووڕێتەوە.
گەر سەیری تەواوی یارییەکانی ئەم وەرزەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بکەیت، بێڵینگهام بەر لە دەستپێکردنی یارییەکان، خولێک بە دەوری چیمەنی یاریگاکان دەدات و هاوتیمەکانی جێدەهێڵێت.
بەر لە یاری ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتموندیش، بە تەنیا و ئاسپایی، بە دەوری چیمەنی یاریگای وێمبڵی سووڕایەوە، خەسڵەتەکانی رۆیشتنیشی تایبەتن، لەسەرخۆ و بە دەوری تەواوی یاریگاکە دەسووڕێتەوە. ئەمەش وەک سێتینگی مۆبایلەکانی لێهاتووە، بەر لە هەر یارییەک دەیکات.
هەر لەگەڵ گەیشتنی بە یاریگای وێمبڵی و پێشوازیکردنی لەلایەن هاندەرانەوە، لەگەڵ یاریزانان چووە ژووری جلگۆڕین و کەلوپەلەکانی دانا، راستەوخۆ بە تەنیا چووە سەر چیمەنی یاریگا.
جود بە جووتێک ئێرپۆدەوە، بەبێ ئەوەی کەس لەگەڵ خۆی ببات، دەچێتە سەر چیمەنی یاریگا و بست بە بست سەیری یاریگاکە دەکات.
یاریزانی پێشووی بۆڕووسیا دۆرتموند لەبارەی ئەم نەریتەی دەڵێت
دەمەوێت تەواوی یاریگاکە بە چاو هەموو شوێنی یاریگاکە ببینم و لە مێشکی خۆمی بچەقێنم. دەمەوێت چیمەن، شوێنی یاریکردنی خۆم ببینم. بەمشێوەیە زیاتر ئارام دەبم و دەزانم لەسەر چیمەنەکە چی دەکەم. ئەمە شتێکە بە درێژایی کاروانی وەرزشی خۆم دەیکەم. کاتێک ئەم نەریتە جێبەجێ دەکەم، زۆر بە ئارامی دەچمە نێو کەشی یارییەکە و بۆ هەموو شتێک ئامادە دەبم. لە منداڵییەوە فێری ئەم نەریتە کراوم و زۆر مەشقم لەسەری کردووە.
باشترین یاریزانانی جیهان، بەردەوام سەرنجی یاریزان و میدیا و هاندەرانیان لەسەرە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر شێوازی جیاواز، تاوەکو خۆیان لەگەڵ دۆخی یارییەکان بگونجێنن و پارێزگاری لە سەرنجی خۆیان بکەن.
هەریەکە لە محەمەد سەڵاح و وەین روونیش، هەمان نەریتی بێڵینگهام جێبەجێ دەکەن.