ئیسپانیائینگلتەراگرنگترین

راپۆرت: 21 خراپترین گرێبەستەکانی وەرزی 2023-2024

Yariga App

سەرچاوە: ماڵپەڕی گۆڵ

وەرزی ئەمساڵی خولەکانی ئەورووپا کۆتایی هات.  وەک هەمیشە کۆمەڵێک ئەستێرەی تازە دەرکەوتن و کۆمەڵێک ناوی گەورەش نەیانتوانی ئەو ئاستە پێشکەش بکەن کە چاوەڕواندەکرا.

هاوینی رابردوو یەکێک بوو لە چالاکترین بازاڕەکانی گواستنەوەی تۆپی پێ، پشکی شێر بەر پریمەلیگ کەوت لە گواستنەوەی زۆرترین یاریزان بە پارەی خەیاڵیی، بەڵام بەشێک لە گرێبەستەکانی ئینگلتەرا و خولەکانی دیکەش بەو جۆرە نەڕۆیشتن کە یانەکان چاوەڕوانیان دەکرد.

رەنگە بۆ وەرزی داهاتوو بەشێک لەو ناوانەی خوارەوە بتوانن هاوکێشەکە پێچەوانە بکەنەوە بەڵام  بۆ یەکەم وەرزیان  دڵخۆشکەر نەبوو بۆ یانەکانیان و ئەمە خراپترینەکانن:

 

21 – کیم مین جەی- بایەرن میونشن

کیم بە 43 ملیۆن پاوەند لە ناپۆلییەوە روویکردە بایەرن میونشن. لە ناپۆلی وەکو یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان سەیردەکرا بەڵام لە بایەرن تەنها وەکو یەدەگ سوودی لێبینرا  و لەو یارییانەشی بەشداری کرد ئاستی وەکو پێویست نەبوو.

 

 

 

20- جیۆ رێینا – نۆتینگهام فۆرێست

رێینا لە دۆرتموند ئاستی وەک پێویست نەبوو. یانەکە بە خواستن فرۆشتی بە نۆتینگهام بەڵام تەنها لە 11 یاریدا بەشداری پێکرا و بە یەک ئەسیست کۆتایی بە وەرز هێنا.

 

 

19- بڕایان زاراگۆزا- بایەرن میونشن

زاراگۆزا گرێبەستێکی دیکەی شکستخواردووی بایەرن بوو . بایەرن بڕی 13 ملیۆن پاوەندی خەرجکرد لە ئەستێرە دەرکەوتووەکەی گرانادا بەڵام وەرز کۆتایی هات و تەنها لە حەوت یاری بۆندزلیگا بەشداری پێکرا. هیچ گۆڵێکی لە یەکەم ساڵدا تۆمارنەکرد.

 

18- ئانسو فاتی – برایتن

ئانسی فاتی لە جێگرەوەی مێسی و لە گەورەترین تازە ئەستێرەی دەرکەوتووی بارساوە بۆ شکستهێنان لە برایتن. لەدوای پێکانەکەیەوە هەرگیز نەبووەوە بەو یاریزانەی داهاتووی لەسەر هەڵچنرابوو. بە خواستن لە بارساوە روویکردە برایتن بەڵام  زۆربەی کاتەکان لەسەر کورسی یەدەگ بوو.

17- فابیۆ کارڤالهۆ  – لاپیزیگ

کارڤالهۆ یەکێک بوو لە گرێبەستەکانی گرنگەکانی کڵۆپ بۆ لیڤەرپوول بەڵام لاوە پۆرتوگالییەکە لە ریدز شکستی هێنا و کڵۆپ بڕیاریدا بە خواستن بینێرێت بۆ یانەک چانسی یاریکردنی زیاتر بێت. فابیۆ چووە لایپزیگ و لەوێش جێگەی نەبووەوە، زۆربەی وەرزەکەی لەسەر کورسی یەدەگ بەسەربرد.

 

16-فلۆریان باڵۆگن – مۆناکۆ

مۆناکۆ ئەو یانەیە کە هەمیشە یاریزانی لاو پێدەگەیەنێت و بە پارەی زۆر دەیفرۆشێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان خۆیان تێکەوتن کاتێک 34 ملیۆن پاوەندیان لە فلۆریان باڵۆگن خەرجکرد.

فلۆریان ساڵێک بەر لەوە لەگەڵ ریمس وەک یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی ئەورووپا ناوی دەرکرد  کاتێک لە ئارسناڵەوە بە خواستن گوێزرایەوە، بەڵام دوای فرۆشتنەوەی هەمیشەیی بە مۆناکۆ، ئەو یاریزانە تەنها هەشت گۆڵی تۆمارکرد و لەو ئاستەدا نەبوو کە مۆناکۆ هیوای دەخواست.

 

15- فیلیکس نمیچا – دۆرتموند

دۆرتموند یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی کە هەمیشە یاریزانەکانی خۆی بە پارەی زۆر دەفرۆشێت بەڵام هاوشێوەی مۆناکۆ، ئەوانیش کەوتنە داوی گرێبەستێکی خراپەوە و بە 26 ملیۆن پاوەند روویکردە بۆروسیا. هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ هاندەرانی بووە کێشەی دواتریش لە نێو یاریگادا تەنها لە 10 یاری وەرزەکە لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو.

 

14-جواو کانسێلۆ – بارسێلۆنا

کانسێلۆ یاریزانێک خراپ نەبوو بۆ بارسێلۆنا بەڵام ئەو بەرگریکاری باڵە جیهانییەش نەبوو کە پێشتر لەگەڵ مان سیتی دەرکەوتبوو. لە چەند یارییەکدا رۆڵی گرنگی گێڕا بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئاستی جێگیر نەبوو.

 

13- لیۆناردۆ بۆنوچی – یونیەن بەرلین

لیۆناردۆ بۆنوچی پاش ئەوەی لەلایەن یوڤێنتۆسەوە گرێبەستەکەی هەڵوەشێندرایەوە، بێ بەرامبەر روویکردە یونیەن بەرلین. یانە ئەڵمانییەکە هیوایەکی زۆری لەسەر ئەو یاریزانە هەڵچنیبوو کە خاوەنی ئەزموونێکی بێ شوومار بوو بەڵام زۆر بە خراپی بینرا و کار گەیشتە ئەوەی هەر لە مانگی یەکدا بەرلینی جێهێشت و چووە خولی تورکی.

 

12- مانوێل ئوگارتی – پاریس

ئوگارتی هاوینی رابردوو یەکەم گرێبەستی پاریس بوو بە 52 ملیۆن پاوەند، بەڵام لە نێو تەواوی گرێبەستەکانی هاوینی رابردووی پاریس لە سەرجەمیان خراپتر بوو.

کاتێک لویس ئینریکی بووە راهێنەر، هەوڵیدا جێگەی بکاتەوە لە پێکهاتەی سەرەکیدا و لە چەند یارییەکی سەرەتای وەرز دەرکەوت، بەڵام هێندەی نەبرد بە ناچاری گەڕاندییەوە سەر کورسی یەدەگ.

 

11- ریناتۆ سانچێز – رۆما

ریناتۆ هەر وەرزەی لە یانەیەک بە خواستن  یاری دەکات و سەرجەم یانەکانیش هیواخوازن ببێتە بەو یاریزانەی لە سەرەتای دەرکەوتنیدا بینرا.

سانچێز لە وەرزی پێشوو تەنها لە 262 خولەکدا لەنێو یاریگادا بوو. دوای کۆتایی وەرز دەگەڕێتەوە پاریس بەڵام چاوەڕواندەکرێت پاریسیش هەرزوو بەڕێی بکات و هەمووان بێ هیوابوون لەوەی بگەڕێتەوە ئاستی راستەقینە.

 

10- نەبی کیتا – ڤێردەر برێمن

کیتا یەکێک بوو لە گرێبەستە گرانبەهاکانی سەردەمی یۆرگن کلۆپ، بەڵام هەوڵەکانی ئەو راهێنەرە بۆ ئەوەی کیتا بکاتە یاریزانێکی سەرەکی شکستی هێنا. دوای چەند وەرزێکیش بە ناچاری بێ بەرامبەر دەستبەرداری بوون و روویکردە ڤێردەر برێمن.

کیتا تووشی چەند پێکانێک هات و دواتریش یانەکە بۆ ماوەیەک سڕی کرد بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبوو لەگەڵ پاسی ڤێردەر برێمن گەشتی یارییەکەی لیڤەرکوسن بکات چونکە پێی وترابوو لە پێکهاتەی سەرەکی نابێت.

9- ڤیتۆر رۆکی – بارسێلۆنا

دەوترێک یەکێک لە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز، ڤیتۆر رۆکییە ، چونکە بارسێلۆنا بارسێلۆنا لە کاتێکد قەیرانی دارایی هەیە بڕی 25.6 ملیۆن پاوەندی لەو یاریزانە خەرجکرد و چاڤی نەیتوانی سوودی لێ ببینێت.

رۆکی لە مانگی یەکدا گەیشتە بارسا و زۆربەی کاتەکانی لەسەر کورسی یەدەگ بەسەربرد، لەم دواییەشدا چاڤی بە تەواوی هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵدا پچڕاندبوو.

 

8- جواو فیلیکس – بارسێلۆنا

فیلێکس یاریزانێکی دیکەیە لەوانەی لە سەرەتای دەرکەوتنیدا بە ئاستی بەرزەوە دەرکەوت و ئێستا یانە دوای یانە دەگۆڕێت و ئاستی خۆی نادۆزێتەوە. بە پارەیەکی زۆر روویکردە ئەتڵەتیکۆ مەدرید و بووە گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی ئەو یانەیە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

دواتر بە خواستن درا بە چێڵسی و پاشانیش بارسیلۆنا. هەرچەندە لە بارسا لە چەند یارییەکدا کاریگەری هەبوو بەڵام هاوشێوەی جواو کانسێلۆ ئاستی جێگیر نیە و زۆربەی یارییەکان لەسەر کورسی یەدەگە.

7- جۆردان هێندەرسن – ئەجاکس

هێندەرسن بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ کلتووری سعوودیە، ئەو وڵاتەی جێهێشت و بێ بەرامبەر روویکردە ئەجاکسی هۆڵەندیی لە مانگی یەکدا.

هەرچەندە ئاستی زۆر خراپ نەبووە بەڵام ئەجاکس چاوەڕوانی زیاتری لە ناوەڕاستکارە بە ئەزموون و مێژووییەکەی لیڤەرپوول دەکرد. سەرەنجام بەهۆی ناجێگیری ئاستیی بانگهێشتی یۆرۆش نەکرا لەگەڵ ئینگلتەرا.

 

6- ئۆریۆ  رۆمیو – بارسێلۆنا

رۆمیو  وەکو جێگرەوەی بوسکێتس گوێزرایەوە بارسێلۆنا. چاڤی پێی وابوو بە تێچووییەکی کەم توانیوییەتی کێشەی بوسکێتس چارەسەربکات پاش ئەوەی بە 7 ملیۆن پاوەند ئەو یاریزانەی گواستەوە. لە سەرەتای وەرز کە بارسا باش یاری دەکرد ئەویش خراپ نەبوو بەڵام لەگەڵ کەوتنی یانەکەدا، رۆمیوش کەوت و هەڵنەستایەوە تا کۆتایی وەرز.

 

5-  مەیسن ماونت- مانچێستەر یونایتد

لە یەکێک لە دیارترین گرێبەستەکانی هاوینی رابردوودا، مەیسن ماونتی یاریزانی چێڵسی بە 60 ملیۆن پاوەند روویکردە مانچێستەر یونایتد.

سەرەتا بە ئاستێکی خراپەوە دەرکەوت و دواتریش پێکانێکی درێژخایەن ئەو یاریزانەی دوورخستەوە. دوای گەڕانەوەشی ئەو ئاستەی پێشکەش نەکرد کە چاوەڕواندەکرا. یونایتد دەبێت چاوەڕێی وەرزی داهاتوو بکات تاوەکو بزانێت مەیسن شایستەی ئەو پارەیە بووە یاخود نا

Mason Mount Manchester United 2023-24.

 

4- کاڵڤین فیلیپس –  وێستهام

کاڵڤین فیلیپس  لە لیدزەوە بە 50 ملیۆن  یۆرۆ لە لیدزەوە گوێزرایەوە بۆ مانچێستەر سیتی، لەو کاتەدا لە هەڕەتی ئاستیدا بوو سەرەڕای بچووکی تەمەنی و تەنانەت لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا رکابەری نەبوو. بەڵام هێندەی کات لەسەر کورسی یەدەگی گواردیۆلا بەسەربرد، ئەو توانا و درەوشانەوەیەی نەماوە و پاش ئەوەی بە خواستن روویکردە وێستهامیش  هەمان یاریزانی پێشوو نەبینرایەوە. تەنیا لە سێ یاری پریمەرلیگ لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو.

Kalvin Phillips West Ham United 2024

 

 

3- مۆیس کایسیدۆ- چێڵسی

دوو ساڵی دوای یەک لە ئینگلتەرا شەڕ بوو لەسەر مۆیس کایسیدیۆی  ناوەڕاستکاری برایتن. هاوینی رابردوو شەڕەکە گەیشتە لوتکە و بەوە کۆتایی هات، چێڵسی  115 ملیۆن پاوەندی خەرجکرد لە گواستنەوەیدا و کردییە گرانترین یاریزانی مێژووی پریمەرلیگ.

کایسیدۆ زۆر بە خراپی لەگەڵ چێڵسی دەستی پێکرد، لە کۆتاییەکانی وەرز باشتر دەبینرا بەڵام روون نیە دوای رۆیشتنی پۆچەتینهۆ لەگەڵ راهێنەری  نوێ کام مۆیس کایسیدۆ دەبینرێت. ئەوەی سەرەتای وەرز یاخود کۆتایی وەرز.

Moises Caicedo Chelsea West Ham Premier League 2023-24

 

2- رانداڵ کۆلۆ موانی – پاریس

کۆلۆ موانی لە مۆندیالی قەتەڕدا بە ئاستێکی بەرزەوە بینرا لەگەڵ فەڕەنسا، هەرچەندە بۆ هەمیشە ناوی وەک ئەو یاریزانە دەچێتە مێژووەوە کە لە کۆتا چرکە گۆڵی بردنەوەی لەدەستدا بەڵام ناوبانگەکەی بەس بوو بۆ ئەوەی پاریس 77 ملیۆن پاوەند لە گواستنەوەیدا خەرج بکات.

زۆربەی یارییەکان کۆلۆ موانی لەسەر کورسی یەدەگە و تەنها نۆ گۆڵی هەیە لەم وەرزەدا. دوای رۆیشتنی ئێمباپێ چاوەڕواندەکرێت دەرفەتی زیاتری پێبدرێت.

Randal Kolo Muani PSG 2023-24

 

1- ساندرۆ تۆنالی – نیوکاسڵ

شكستەکەی تۆنالی لەگەڵ نیوکاسڵ جیاوازە. ئەو یاریزانە بە 60 ملیۆن پاوەند لە ئەیسی میلانەوە گوێزرایەوە نیوکاسڵ و بووە گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی یانەکە.

لە چەند یاری سەرەتای وەرز باش دەرکەوت، بەڵام کێشەی تۆنالی پەیوەست نەبوو بە ئاست و بەڵکو ئالودەبوونی بە قومارکردن بووە هۆی ئەوەی ساڵێک سڕبکرێت. ئەوەش گورزێکی کوشندە بوو لە نیوکاسڵ.

وابڕیارە لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا ماوەی سڕکردنەکەی کۆتایی پێبێت و نیوکاسڵ بە نیازە وەرزی داهاتوو ئەو یاریزانە بخاتەگەڕ و بیسەلمێنێت بێ هۆکار نەبووەتە گرانترینی مێژووی یانەکەیان.

Sandro-Tonali

بابەتی زیاتر

Back to top button