ئیسپانیاکۆپا ئەمێریکا 2024گرنگترین

ئێندریک: ریال مەدرید و بەڕازیل بەشداریی هەر پاڵەوانێتییەک بکەن دەبێت نازناوەکە ببەنەوە

دیمانەیەکی تایبەتی ئێندریک لەگەڵ رۆژنامەی ASـی ئیسپانی

Yariga App

یاریگا –

ئێندریک یاریزانی داهاتووی ریال مەدرید لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی ASـی ئیسپانی دەڵێت ‘ریال مەدریدم هەڵبژارد نەوەک بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان، چونکە ریال مەدرید بۆ من بژاردە نەبوو بەڵکو خەونی من بوو’. دەشڵێت ‘ریال مەدرید بووەتە سیمبوڵی چامپیۆنزلیگ و هیوادارم ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە’.

Image

AS: تۆ دوو جار سەردانی یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆت کردووە، جاری یەکەم لە رۆژی لەدایکبوونت وەکو هاندەرێکی فەخری و جاری دووەم لە یاریی دژایەتیکردنی رەگەزپەرستی، هەستت چۆن بوو سەردانی ماڵی داهاتووت کرد؟

ئێندریک: ناسینی باشترین یانەی جیهان بۆ هەر کەسێک لە جیهانی تۆپی پێ وەکو خەونێک وایە، نەک هەر وەکو یاریزانێک بەڵکو وەکو خوودی خۆم ئەمە وەکو هاتنە دی خەونەکانم بوو.

AS: پەیوەندیت لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر و رۆدریگۆ چییە؟ کاتێک پەیوەندیت بە ریال مەدریدەوە کرد هیچ ئامۆژگارییەکیان کردی؟

ئێندریک: ئەو دوو یاریزانە بەڕازیلییە زۆر باش خۆیان لەگەڵ شاری مەدرید و وڵاتەکە و شێوازی یاریکردنی لالیگا گونجاندووە، هەردووکیان بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ من، بێگومان ئەمە هاوکاریم دەکات.

AS: ئایا قسەت لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز و کارلۆ ئەنچیلۆتی کردووە؟ پێشبینی چی دەکەی بۆ رۆژانی دەستپێکت لە ریال مەدرید؟

ئێندریک: کاتێک چوومە مەدرید لەگەڵیان بووم، ئەوان زۆر ئارامیان پێبەخشیم، کاتێک گەیشتمە ئەوێ متمانەیەکی زۆریان پێبەخشیم، ئەوان پێشوازییەکی گەرمیان لێکردم، ئەوان پێیانگوتم لە پالمێراس سەیری یارییەکانم دەکەن و چاودێریم دەکەن.

Image

AS: ئایا ئامانجی سەرەکیت بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگە لە ریال مەدرید؟

ئێندریک: بێگومان بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ گرنگترین ئامانجی منە، باش لەوە تێدەگەم ئەگەر لە ریال مەدرید بیت دەبێت ببیتە پاڵەوانی ئەوروپا، چامپیۆنزلیگ ئەو پاڵەوانێتییەیە کە هەمیشە ریال مەدرید بیری لێ دەکاتەوە، لە ریال مەدرید ناکرێت دەست بە وەرزی نوێ بکەی بەبێ ئەوەی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ ئامانجت بێت’.

AS: ئایا دەتەوێت رۆژێک لە رۆژان خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەست بهێنی؟

ئێندریک: باڵۆن دۆر بەرهەمی سەرکەوتن و دەستکەوتی چەند ساڵێکی یاریزانێکە، بەڵام من بڕوام وایە بەدەستهێنانی نازناوەکان لەگەڵ یانەکەم گرنگترە و یانەکەم ئامانجی سەرەکی منە، نەوەک شتی دیکە.

AS: بۆچی لەجیاتی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان بڕیارتدا ریال مەدرید هەڵبژێری؟

ئێندریک: ریال مەدرید بۆ من بژاردە نەبوو، بەڵکو ریال مەدرید هەمیشە خەونی من بووە، من بۆم نەبوو هیچ یانەیەکی دیکە هەڵبژێرم، چونکە من خەونەکەم هێنایە دی.

AS: ئایا لە دوورەوە گەیشتنی چاوەڕوانکراوی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید چۆن هەڵدەسەنگێنی، ئایا هەڕەشە نابێت بۆ سەر تۆ؟

ئێندریک: هیچ یاریزانێک نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ یاریزانێک، باشترین یانەی جیهان هەمیشە هەوڵ دەدات لە سەردەم هێلەکانی یاریگا باشترینەکان بگوازێتەوە، بەدەستهێنانی زۆرترین نازناو بۆ یانەکەمان ئامانجەکەیە، بۆیە ئاساییە لە هەر هێلێک چەند یاریزانێک کێبڕکێیی یەکتری بکەن و ئەمەش زیاتر بەرەو پێشەوەت دەبات’.

Image

AS: بە بۆچوونی تۆ کێ لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەتوانێت ببێتە پیاوی یارییەکە؟

ئێندریک: هیوادارم یەکێک بێت لە هاوڕێیەکانم لە ریال مەدرید، بەڵام بڕوام وایە لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە ریال مەدرید ببێتە پاڵەوان، لە یاریی کۆتایی گرنگترین شت ئەوەیە هەمووان لەپێناوی بەدەستهێنانی نازناوەکە یاریی بکەن، ئەوە گرنگترین شتی ئەو رۆژەیە.

AS: پێش ئەوەی پەیوەندی بە ریال مەدرید بکەی، لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل بەشداریی کۆپا ئەمریکا دەکەی و دەبیتە یەکێک لە بچوکترین یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە لە مێژووی کۆپا ئەمریکا و ریکۆردی رۆناڵدۆ و پێلێ هاوتا دەکەیتەوە، هەستت چۆن دەبێت؟

ئێندریک: هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم، بەڵام بە تەواوەتی درک بە بەرپرسیارەتییەکەم دەکەم، پێویستە هەڵبژاردەی بەڕازیل هەر پاڵەوانێتییەک بکات نازناوەکە بباتەوە، ئەمە ئەو ساتەیە کە نابێت شکستی تیادا بهێنین.

بابەتی زیاتر

Back to top button