ئاسیاراپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

مارکۆ لاوک فەرەجی کێیە؟ ئەو یاریزانە کوردەی بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراوە

Yariga App

یاریگا –

مارکۆ فەرەجی یاریزانی لاوی کورد بۆیەکەمجار لەلایەن خیسۆس کاساسەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق کراوە و بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 ناوی لە لیستەکەی شێرەکانی رافیدەین دایە کە لە 26 یاریزان پێکدێت.

مارکۆ فەرەجی لە ریزی یانەی سترۆمسگۆدسێتی نەرویجی یاریی دەکات، ساڵی رابردوو بۆیەکەمجار لەلایەن رازی شنێشل راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بانگهێشتی پاڵەوانێتی دۆستانەی ئۆڵێمپی دەوحە کرا و لەو پاڵەوانێتییە بۆیەکەمجار درێسی عێراقی پۆشی، مارکۆ سێ یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق کردووە.

مارکۆ یەکێکە لەو شەش یاریزانەی بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراون بۆ ئەوەی مانگی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیال بەرامبەر ڤیێتنام و ئیندۆنیسیا یاریی بکەن.

مارکۆ لاوک فەرەج لە یارییەکی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق
مارکۆ لاوک فەرەج لە یارییەکی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق

مارکۆ فەرەجی کێیە؟

مارکۆ لاوک فەرەجی لە 16ـی مارس/ئاداری 2004 لە گریمشتادت لە نەرویج لە دایک و باوکێکی کورد لەدایکبووە و بنەماڵەکەی خەڵکی سلێمانین، لە ریزی یانەی یێرڤی نەرویجی دەستی بە یاریی کردووە و چوار ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە یانەی سترۆمسگۆدسێتی نەوریجی کرد کە لە خولی نایابی نەرویجی یاریی دەکات، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانە نەرویجییەکە هەیە، ئەو کوڕە کوردە لە باڵەکان و ناوەڕاست یاریی دەکات.

مارکۆ ساڵی رابردوو لەگەڵ دایک و باوکی بۆ تەواوکردنی بەڵگەنامە یاساییەکانی بۆ پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و زمانی کوردی و ئینگلیزی و نەرویجی دەزانێت.

مارکۆ فەرەجی کە لە بۆرسەی یاریزانان بەگوێرەی پێگەی ترانسفێرمارکێت نرخەکەی دەگاتە 400 هەزار یۆرۆ، لەم وەرزە لە جام و خولی نایابی نەرویج بە درێسی یانەکەی لە 12 یاری 748 خولەک یاریی کردووە و ئەسیستێکی هەیە.

مارکۆ لە خولی نایابی نەرویج لەم وەرزە لە نۆ یاری 637 خولەک یاریی کردووە و گۆڵێکی دروستکردووە.

کوڕە کوردەکە هاندەری ریال مەدریدە و بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرسامە

کوڕە 20 ساڵانەکە دەڵێت :’زۆر بە باشی دەزانم بە زمانی کوردی قسە بکەم، بەڵام بەداخەوە زمانی عەرەبیم باش نییە، من چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە، سلێمانی و هەولێر دوو شاری خۆش و سەرنجڕاکێشن’.

دەشڵێت :’من هاندەری ریال مەدرید و پۆرتوگاڵم، چونکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ نموونەی باڵای منە و زۆر بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر سەرسامم و دەمەوێت شوێنپێی ئەو هەڵبگرم’.

May be an image of 1 person, playing American football, playing football and text

بابەتی زیاتر

Back to top button