EA وەشانێکی تایبەت بە یۆرۆی 2024 بڵاودەکاتەوە و پاڵەوانیەتییەکی گەورەش رێکدەخرێت
یەکەمجارە پاڵەوانیەتییەکی فەرمی بۆ گەیمەرانی یۆرۆی 2024 رێکدەخرێت
یاریگا –
گەیمەرانی ڤیدیۆگەیمی ”ئی ئەی ئێف سی 24 – EA FC 2024” بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی ڤێرژنی نوێی ڤیدیۆگەیمەکە دەکەن.
بڕیارە کۆمپانیای ئێلێکترۆنیک ئارتس وەشانێکی نوێی یارییەکە بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانیەتیی یۆرۆی 2024 بخاتە بەردەستی هەوادارانی ڤیدیۆگەیمەکە.
رێکەوتی بڵاوکردنەوەی وەشانە نوێیەکە
لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، کۆمپانیای ئی ئەی لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، بەیاننامەیەکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و باسییان لە بڵاوکردنەوەی وەشانێکی تایبەت بە یۆرۆی 2024 کرد.
هەرچەندە هیچ رێککەوتێک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەپدەیتەکە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت، لە سەرەتای مانگی داهاتوو و بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانیەتییەکە، بەردەستبێت.
ئەپدەیتی یارییەکە بۆ کۆنسۆڵەکانی ”پلەیستەیشن5، ئێکس بۆکس ئێکس، ئێکس بۆکس ئێس، پلەیستەیشن 4، ئێکس بۆکس وەن، نینتێندۆ وەن و نینتێندۆ سویچ” دەکرێت.
پاڵەوانیەتی یۆرۆی 2024ی ئەلیکترۆنی
لەگەڵ دەستپێکردنی یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا، پاڵەوانیەتییەکی گەورە و فەرمی یاریی ئی ئەی ئێف سی بۆ یۆرۆ بە ناوی ‘ئی یۆرۆ – eEuro’ دەستپێدەکات.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، گەیمەرانی هەر 51 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی تۆپی پێ بەسەر حەوت کۆمەڵە دابەشکران و لە پاڵاوتنەکاندا، 7 یاریزان گەیشتنە پاڵەوانیەتی ئی یۆرۆ، لەگەڵ نوێنەری ئەڵمانیای میواندار، بوونەتە هەشت گەیمەر.
گەیمەرانی کۆتا قۆناخ
- ڤێرگانگ – Vejrgang نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی دانیمارک دەکات.
- یوڤال – Yuval نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسرائیل دەکات.
- ئۆبرون2002 – Obrun2002 نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەکات.
- ئاندرێس – Andreas نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی نەرویج دەکات.
- ئادریان – AdrianCifuentes نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکات.
- مێرت – iMertAL نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی تورکیا دەکات.
- CIG_ST92 نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئوکراینا دەکات.
- ئوموت – Umut نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات.
قۆناخی کۆتایی پاڵەوانیەتی ئی یۆرۆ لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە بەرلین بەڕێوەدەچێت.
ئەمە دەبێتە یەکەم وەشانی پاڵەوانیەتییەکی لەمشێوەی یارییەکە و کۆی خەڵاتەکانی دەگاتە 100 هەزار دۆلاری ئەمریکی.