یانەی زاخۆ لە یاریەکی بەهێزدا بەرامبەر یانەی زەوڕا یاری دەکات و دهۆکیش لە دەرەوەی یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی نەجەف دەبێتەوە.
لە ڕۆژی سێیەمی گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، لە کاتژمێر 6:15 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 18\5\2024 یانەی زاخۆ لە یاریەکی بەهێزدا لە شاری بەغداد بەرامبەر یانەی زەوڕا یاری دەکات، زەوڕا بەڕاهێنەرایەتی عیسام حەمەد هەشت یاریە نەدۆڕاوەو یانەی زاخۆ بە سەرپەرشتی تەڵاڵ بەلوشی ڕاهێنەری قەتەڕی سێزدە یاریە هیچ شکستێکی نیە، لە مێژوودا هەر دوو یانە 21 یاری فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە کە یانەی زاخۆ 3 سەرکەوتنی هەیە و لە بەرامبەریشدا یانەی زەوڕا 11 بردنەوەی تۆمار کردووە و لە 7 یاریشدا یەکسان بوونە، یانەی زەوڕا 55 خاڵی هەیە لە خانەی سێیەم دێت و یانەی زاخۆش بە 48 خاڵ لە ڕیزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت، یوسف سەعید ناوبژیوانیەتی ئەم یاریە دەکات بە هاوکاری هەر دوو یاریدەدەری حوسێن فەلاح و پاڤێل جەلال هەروەها فید کەریم ناوبژیوانی ژووری ڤاڕە.
لە هەمان کاتدا و لە یاریەکی بەهێزدا، یانەی دهۆک لە شاری نەجەف دەبێتە میوانی یانەی نەجەف، لە مێژوودا ئەم دوو یانەیە 19 جار ڕووبەرووی یەکتر بوونەتەوە کە هەر یەکەیان 8 سەرکەوتنیان بەرامبەر یەکتر تۆمار کردووە و لە 3 یاریشدا یەکسان بووینە، یانەی دهۆک 21 گۆڵی تۆمار کردووە و نەجەفیش 24 گۆڵی لە تۆڕی گۆڵی یانەی دهۆک تۆمار کردووە، یانەی نەجەف 46 خاڵی هەیە لە خانەی پێنجەم دێت و دهۆکیش بە 44 خاڵ لە ڕیزبەندی شەشەمی خولەکەدایە، لەیس فەرحان ناوبژیوانی ناوەڕاست و ئەکرەم عەلی و مستەفا سەعدون یاریدەدەری ناوبژیوانن و ئەحمەد کازمیش لە ژووری ڤاڕ دەبێت.