عێراقکوردستان

یاریەکەی بەرامبەر حدود یەکەم یاری سەرۆک و ئەندامانی تازەی یانەی هەولێر دەبێت

Yariga App

یانەی هەولێر یەکەم یاری خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە ژێر چاودێری سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی تازەی یانەکە دەکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی17\5\2024 کاتژمێر 6:15 خولەکی ئێوارە لە یاریگای دهۆک یانەی هەولێر ڕووبەڕووی یانەی حدود دەبێتەوە لە یارییەکانی گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، یانەی هەولێر یەکەم یاریە لە ژێر چاودێری سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی تازەی یانەکە دەکات بەڵام تاکو ئێستا یانەی هەولێر بێ ڕاهێنەرە و بۆ یاریەکەی ئەمڕۆش عیماد هاشمی ڕاهێنەری گۆڵپارێزان سەرپەرشتی تیپەکە دەکات، لە مێژوودا تا ئێستا هەر دوو یانە 14 یاری فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە کە یانەی هەولێر لە 6 یاریدا یسەرکەوتنی بە دەستهێناوە و یانەی حدودیش تەنها 2 یاری براوە بووە و لە 6 یاریشدا یەکسان بوون، کوڕانی قەڵاو منارە 19 گۆڵیان تۆمار کردووە و یانەی حدودیش 9 گۆڵی تۆمار کردووە.

بە هۆی سەپاندنی سزای یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بە سەر یانەی هەولێر کە دەبێت دوو یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی بکات بەڵام بە ئامادەبوونی هاندەر، یانەی هەولێر دوو یاریەکە لە یاریگای دهۆک دەکات و بڕیاریشە هاندەرانی بەڕێژەیەکی بەرچاو ئامادەبن بۆ پاڵپشتی کردنی تیپەکە تایبەت دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پێشوو کە داواکاری سەرەکی هاندەرانی قەڵای زەرد بوو.

سێ یاریزانی سەرەکی یانەی هەولێر لە یاریەکە بیبەش دەبن ئەوانیش هەر یەک لە یاسین سامیە و هێلیۆ مۆنتێڕۆ بە هۆی پێکان و ئەداما بالۆ بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتە زەردەکانی، ناوبژیوانی یاریەکەی ئەمڕۆ حامد عەلی لە ناوەڕاست و نەوار ساڵح و محەمەد ئەیاد لە سەر هێل و یوسف سەعیدیش لە ژووری ڤاڕ دەبێت.

یانەی هەولێر لە خانەی پازدەم دێت بە 28 خاڵ و یانەی حدودیش بە ڕابەرایەتی هێرشبەری کورد و گۆڵکاری یانەکە ئیبراهیم غازی 38 خاڵیان هەیە و لە ڕیزبەندی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێن.

بابەتی زیاتر

Back to top button