یاریگا-
دوای بڕیاری بەجێهێشتنی یانەی پاریس سانجێرمان، هێشتا کێشەکانی ئێمباپێ لەگەڵ سەرۆکی یانەکەدا کۆتایی نەهاتووە.
پێگەی لۆ پاریسیان کە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی نزیک لە یانە فەڕەنسیەکەیە، لە هەوالێکیدا باس لە رووداوەکانی شەوی رابردوو دەکات، کاتێک پێش دەستپێکردنی یارییەکەی پاریس سانجێرمان و تۆلۆز دەمەقاڵێ لەنێوان ئێمباپێ و ناسڕ خلێفیدا دروست بووە.
ئەو سەرچاوەیە باس لەوەدەکات، بەهۆی ئەوەی لە وتاری ماڵئاوایدا ئێمباپێ ناوی ناسڕ خلێفی نەهێناوە و سوپاسی نەکردووە، دوێنێ شەو لە ژووری خۆگۆڕینەکانی پاریسدا ناسڕ خلێفی بە دەنگی بەرز لە ئێمباپێ توڕە بووە، ئێمباپێش وەڵامی داوەتەوە، دەنگەکە ئەوەندە بەرز بووە هەمووان گوێبیستی بوون.
رۆژی هەینی ئێمباپێ بە کورتە ڤیدیۆییەک رایگەیاند کە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرماندا نوێ ناکاتەوە و لە کۆتایی وەرزدا یانەکە بەجێدەهێڵێت، لەو ڤیدیۆیەدا ئێمباپێ سوپاسی راهێنەران و دەستەی کارگێڕی یانەکەی کرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناوی ناسڕ خلێفی سەرۆکی یانەکەی نەهێنا.