راهێنەری دۆرتموند: سانچۆ یەکێکە لە باشترینەکان و وەستاندنی ئێمباپێ ئەستەمە
''لە یاری چووندا بە چوار بەرگریکار هەوڵی وەستاندنی کیلیانماندا''
یاریگا –
ئێدین تێرزیچ، راهێنەری بۆڕووسیا دۆرتموند بەر لە یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان دووپاتیدەکاتەوە؛ نازانێت داهاتووی جەیدن سانچۆ چی دەبێت.
سانچۆ ئاستێکی بەرزی لە یاری چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس سانجێرمان پێشکەش کرد و یارمەتی تیمەکەیدا 1-0 لە سیگناڵ ئیدونا پارک سەربکەون.
ئێمە باسی داهاتووی نزیکمان کرد، یارییەکی زۆر گرنگمان هەیە، رەنگە گەورەترین یاری مێژووی سانچۆش بێت.
یاریزانی تەمەن 24 ساڵان لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە مانچێستەر یونایتدەوە بە خواستن گەڕایەوە دۆرتموند، بەڵام لە کۆتایی ئەم وەرزە، گرێبەستی خواستنی بەسەردەچێت.
سێباستیان کێڵ، بەڕێوەبەری وەرزشی دۆرتموند دووپاتیکردووەتەوە، هەموو شتێک لە پێناو هێشتنەوەی سانچۆ دەدەن، تێرزیچ دەڵێت
زۆر دڵخۆشین لەگەڵ سانچۆ، هەمووان بە بوونی ئەو لە تیمەکەمان دڵخۆشن، هەروەها دەتوانیت هەست بە دڵخۆشی ئەویش لەگەڵ ئێمە بکەن. نازانم تاوەکو کەی ئەم چیرۆکە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیزانم، لە 1ی یۆلیۆ/تەمووزی داهاتوو، جەیدن یاریزانی ئێمە نییە.
ئێستا دۆرتموند لە پلەی پێنجەمی بۆندسلیگا دێت، بەڵام ئێستا سەرنجی تەواوی لەسەر چامپیۆنزلیگ داناوە و ئەمشەو لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی لە پارک دۆ پرێنس رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.
11 ساڵ بەر لە ئێستا لە یاریگای وێمبڵی دۆرتموند بە بایرن میونشن دۆڕا، ئێستاش ئەگەری هەیە دوو یانەی ئەڵمانی جارێکی دیکە لە وێمبڵی یاری بکەنەوە. ئەوەی لە یاری چوون پێی نیگەران بووین، چوار بەرگریکارمان بۆ راگرتنی ئێمباپێ دەستنیشانکردبوو. دەزانین بۆ ئەم یارییە باشتر یاری دەکەن. بۆیە دەبێ هاوسەنگی بدۆزینەوە.
خەونێکی گەورە
پرسیاری دوا وەرزی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس و ئارەزووی گەورەی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە تێرزیچ کرا و ئەویش گوتی،
پڕۆژەی پاریس سانجێرمان چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، بۆ بردنەوەی نازناوەکان دەستیپێکرد، ئێستا بە بردنەوەی نازناوێکی دیکەی ناوخۆیی دڵخۆشن، بەڵام ئامانجی گەورەی ئەوان، رکابەری و بردنەوەی چامپیۆنزلیگە، ئەمە ئەرکی ئەوانە، ئێمەش خەونێکی گەورەمان هەیە و دەمانەوێت بیهێنینەدی.
لەلایەکی دیکەوە، ماتس هەمڵس کە بەشداری لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی ساڵی 2013 لەگەڵ دۆرتموند کرد، لەبارەی ئاست بەرزی کیلیان و پاریس دەڵێت
تەنیا وەک تیم دەتوانیت لە بەرامبەر کیلیان ئێمباپێ بەرگری بکەیت، پێم وایە زۆر ئەستەمە بە تەنیا بتوانیت بەرامبەر کیلیان بەرگری بکەیت، چونکە توانا و خێراییەکی لەڕادەبەدەری هەیە، خێراییەکەشی ژیرانە کار پێدەکات، بەڵام ئەگەر وەک تیم بە باشی یاری بکەین، لە دۆخی باشدا تۆپی پێنەگات، دەتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین، بەڵام ئێمە هاوشێوەی تەواوی رووبەڕووبوونەوەکانی دیکە بەرامبەر پاریس یاری دەکەین، چەندین یاریزانی باشی دیکەش لە دەوری کیلیان یاری دەکەن.
دۆرتموند لەم وەرزەدا لە کۆی هەشت یاریدا بەرامبەر یانەکانی بایەر لیڤەرکوزن، بایرن میونشن، شتوتگارت و لایپزیگ یەک یاری بردووەتەوە، ئەم یانانە هەمووی لە ریزبەندی بۆندسلیگا لە سەرووی دۆرتموندەوەن.