ئه‌ڵمانیائیسپانیافه‌ره‌نسا

ماکرۆن بە ناڕاستەوخۆ داوایەک لە ریال مەدرید دەکات

Yariga App

یاریگا –

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕانسا، لە دوایین چاوپێکەوتنیدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داوای لە ریال مەدرید کرد کە رێگە بە کیلیان ئێمباپێ بدات بەشداری ئۆڵۆمپیادی پاریس بکات.

مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو بوو کە ئێمباپێ لە چاوپێکەوتنێکەیدا پرسی بەشداریکردنی لە ئۆڵۆمپیادی پاریس ئاشکرا کرد.

ئێمباپێ گووتی:

زۆرم پێ خۆشە لە ئۆڵۆمپیاد بۆ وڵاتەکەم یاری بکەم و پێموایە خەڵک ئەوەشیان دەوێت، بەڵام هەمووی پەیوەستە بەو یانەیەی کە یاری بۆ دەکەم. من کاتێکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە بەسەر نابەم. ئەگەر پێم بڵێن بەڵێ، بە خۆشحاڵیەوە لە ئۆڵۆمپیاد یاری بۆ فەرەنسا دەکەم، ئەگەریش بڵێن نەخێر ئەوە تەواو.

مانگی رابردوو ریال مەدرید بە فەرمی رایگەیاند، رێگە بە یاریزانەکانیان نادەن بەشداری ئۆڵۆمپیاد بکەن، چونکە خشتەکانی هاوینە بە یۆرۆی 2024 و جامی ئەمریکا سەرقاڵییە و مەترسی پێکان زیاد دەکات.

لە فەڕەنسا و ئیسپانیا، گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دڵنیایە و پێیان وایە دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە لە هەواڵە فەرمییەکان رادەگەیەنرێت. لەگەڵ پەیوەندی کردنی کیلیان بە ریال، ئەگەری بەشداریکردنی لە ئۆڵۆمپیاد سفر دەبێت، لە بەرامبەردا تێری هێنری (راهێنەری تیپی ئۆڵۆمپی فەرەنسی) خەونی ئەوە دەبینێت کە ئێمباپێ لە تیپەکەیدا هەبێت و لە ئێستاوە هەوڵدەدات رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ریال رازی بکات.

هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بینینی ئیمباپێیە لە ئۆڵۆمپیادی پاریس. ئەو کە گواستنەوەی کیلیان بۆ ریال بە دڵنیایی دەزانێت، ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنەکەیدا بەبێ ئەوەی ناوی ریال و فلۆرێنتینۆ پێرێز بهێنێت، گوتی:

بەڕاستی هیوادارم هەموو یانەکانی ئەوروپا رێگە بە یاریزانەکانیان بدەن بەشداری ئۆڵۆمپیاد بکەن. هەروەک چۆن یانە فەرەنسییەکان یاریزانەکانیان بە ئازادی بەجێهێشتووە بۆ بەشداریکردن لەم پێشبڕکێیانە، خۆزگە یانەکانی دیکەی ئەوروپا ئاستەنگ دروست نەکەن.

ماکرۆن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

هەفتەی رابردوو باوکی ئێمباپێم بینی و بە روونی گوتی کیلیان حەز دەکات لە ئۆڵۆمپیاددا بەشداری بکات.

هێرشبەرەکەش خۆی لەم دواییانەدا رایگەیاند کە هەڵوێستی بەرامبەر ئۆڵۆمپیاد نەگۆڕاوە، بەڵام بۆ ئێستا هەموو سەرنجی لەسەر یارییە گرنگەکانی پاریس سانجێرمانە.

بابەتی زیاتر

Back to top button