چاوەڕوانی شکستی بارسێلۆنا، مەدریدیەکان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە بێرنابیۆ دەهێڵێتەوە
یاریگا –
ریال مەدرید هیوادارە رۆژی شەممە بارسێلۆنا تووشی شکست ببێت تاوەکوو پێشوەختە ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا بگێڕێت.
رۆژی شەممە کاتژمێر 17:15 ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی کادیز دەبێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە کاتژمێر 19:30 بارسێلۆنا و جیرۆنا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی ریال بەسەر کادیزدا و شکستی بارسێلۆنا بەرامبەر جیرۆنا، مەدریدییەکان دەبنە پاڵەوانی ئەم وەرزەی لالیگا و هەر ئەم رۆژە بەم بۆنەوە ئاهەنگ دەگێڕن.
بە گوێڕەی هەواڵێکی مارکا، ئەگەر سیناریۆکە بە پێی خواستی ریال بەرەو پێش بڕوات، ئەوا ناتوانن ئاهەنگی پاڵەوانێتییەکەیان لەسەر چیمەنی بێرنابیۆ بگێڕن، بەڵام لە ئەگەری سەکەوتنیان و دۆڕانی بارسێلۆنا، ئەوا یانەکە پلانی هەیە لە شەقامەکانی دەوروبەری یاریگاکە و گۆڕەپانی سیبێلێس ئاهەنگی پاڵەوانێتییەکە بگێڕێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، سپی پۆشەکانی مەدرید دوای بردنەوەیان بەرامبەر کادیز لە یاریگای بێرنابیۆ دەمێننەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەنجامی یارییەکەی نێوان جیرۆنا و بارسێلۆنا بکەن. بێگومان ئەگەر بارسا یارییەکە بباتەوە، یاریزانانی ریال نایانەوێت ئاهەنگەکە پشتگوێ بخەن و ئاهەنگێکی بچووک لەنێوان یاریزانان و ئەندامانی تیپەکەدا سازدەکەن.
دوو وەرز لەمەوبەریش ریال مەدرید لە نێوان یارییەکانی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگدا ئاهەنگی پاڵەوانێتی لالیگای گێڕا. ئەم تیپە لە 30ی نیساندا بە بردنەوەیەک بەرامبەر ئیسپانیۆل، 4 رۆژ پێش یاری گەڕانەوە بەرامبەر مان سیتی، ئاهەنگی پاڵەوانێتی خولی ئیسپانیایان گێڕا.