یاریگا –
کەناڵی NBC ئەمریکی، بەنیازە میوانداری یارییەکانی پرێمەرلیگ بکات لە ئەمریکا.
پرێمەرلیگ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئینگلتەراش هاندەرێکی زۆری هەیە. لەلایەن زۆر کەسەوە بە باشترین خولی جیهان دادەنرێت، بەردەوامە لە تێپەڕاندنی سنوورەکان و کەسانێک هەن دەیانەوێت باشترین یاریزانەکانی پرێمەرلیگ لە دەرەوەی ئینگلتەرا و لە وڵاتی خۆیان ببینن، بۆ نموونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا!
ئێن بی سی، تۆڕی تەلەفزیۆنی ئەمریکی، گرێبەستێکی بە بڕی 2.3 ملیار یۆرۆ بۆ ماوەی 6 ساڵ پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی خولی ئینگلیزی کرد بۆ ئەوەی یارییە گرنگەکانی خولەکەیان لە یاریگاکانی ئەمریکا ئەنجام بدەن.
رۆژنامەی “دەیلی مەیل“ی ئینگلیزی بڵاویکردەوە کە ئێن بی سی بە میوانداری کردنی بەشێک لە یارییەکانی ئەم خولە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت سوود لە ناوبانگی زۆری خولەکە وەربگرێت.
بیرۆکەیەک کە ساڵانێک لەمەوبەر لە لالیگا مشتومڕی لێکەوتەوە، ئێستا ئارستەی پرێمەرلیگ کراوە. رۆژنامەکە لە درێژەی راپۆرتەکەدا رایگەیاندووە، خولی ئینگلیزی رووبەڕووی داواکاری نوێ دەبێتەوە بۆ میوانداریکردنی یارییەکان لە ئەمریکا، کەناڵی ئێن بی سیش دەیەوێت هەفتانە دوو یاری پرێمەرلیگ لە ئەمریکا بەڕێوە ببات.
هەرچەندە پێشتر ریچاردز ماستەرز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرێمەرلیگ پشتڕاستی کردەوە کە ئۆفەرەکان وەردەگرن، بەڵام بەڕوونی ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ ئێستا پلانی شتێکی لەو جۆرەیان نییە.
ئەم هەواڵە هاوشێوەی ئەوەی لە ئیسپانیا روویدا، کاردانەوەی هاندەرانی ئینگلتەرای بەدوای خۆیدا هێنا بەرامبەر بە ئەگەری گواستنەوەی یارییەکانی خەلەکەیان بۆ ئەمریکا. هاندەران دژی ئەو بڕیارەن و داوایان کردووە رێگری لە واژۆکردنی گرێبەستێکی لەو شێوەیە بکرێت.