یاریگا –
ئاردا گولەر لە نوێترین دیمانەیدا نهێنیی ئاهەنگگێڕانەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: هەرچییەک لەخوداوە بێت پێی رازیم و شەرم دەکەم بە ناوی خۆیان بانگی لۆکا مۆدریچ و تۆنی کرووس بکەم.
ئاردا گولەر یاریزانی لاوی تورکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کەناڵی KAFA Sportsـی تورکی لەبارەی نهێنیی ئاهەنگگێڕانەکەی دەڵێت :’من دەستم بەرز دەکەمەوە وەکو هێمایەک بۆ متمانەبەخۆبوون، من متمانەی تەواوم بەوە هەیە هەرچییەک رووبدات لەلای خوداوە دێت’.
لەبارەی پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی ریال مەدرید، گولەر دەڵێت :’لە ریال مەدرید پێیان گوتم تۆ دەبیتە جێنشینی لوکا مۆدریچ و پڕۆژەیەکی گەورەیان پێشکەش کردووم و زۆر بڕوام پێیەتی، لە منداڵییەوە خەونم بەوە دەبینی لە ریال مەدرید یاریی بکەم، من لە پشووی هاوینە بووم کاتێک باوکم پەیوەندی پێوە کردم پێی گوتم ریال مەدرید داوای تۆ دەکات و ئۆفەری پێشکەش کردووی، هەستێکی زۆر خۆش بوو’.
یاریزانە لاوەکەی ریال مەدرید کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەکە کرد، دەشڵێت :’من دەمتوانی وەرزێکی دیکەش لە فێنارباهچێ بمێنمەوە، بەڵام ویستم پیشانی هەموو جیهانی بدەم لاوێکی تورک دەتوانێت لەگەڵ یانەیەکی گەورەی ئەوروپی چی بکات، کاتێک ریال مەدرید ئۆفەرەکەی بە بڕی 17.5 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش کرد، داوامان کرد بڕێکی پارەکە زیاد بکات و ئەوانیش رازی بوون، ئەنچیلۆتی بەردەوام لەبارەی پلانی خۆی قسەمان بۆ دەکات و هەوڵ دەدات ئامادەم بۆ بکات بۆ یاریکردن، بەردەوام پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ یاریزانەکان هەیە’.
شەرم دەکەم بە ناوی خۆیان بانگی تۆنی کرووس و لۆکا مۆدریچ بکەم، بە براکەم بانگیان دەکەم و ئەوانیش هەر بە براکەم بانگم دەکەن.
ئاردا دەشڵێت :’شەرم دەکەم بە ناوی خۆیان بانگی تۆنی کرووس و لۆکا مۆدریچ بکەم، بە براکەم بانگیان دەکەم و ئەوانیش هەر بە براکەم بانگم دەکەن’.
گولەر (19 ساڵان) هاوینی رابردوو بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ لە فێنارباهچێی تورکییەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدی ئیسپانییەوە کرد، لەم وەرزە بە درێسی مێرەنگی لە هەشت یاری تەنیا 166 خولەک یاریی کردووە و دوو گۆڵی کردووە.