هەڵبژاردەی عێڕاق دەکەوێتە کام کۆمەڵەوە لە ئۆڵۆمپیادی پاریس؟
دوای سەرکەوتنیان لە قۆناغی هەشتی جامی ئاسیا بۆ ژێر 23 ساڵان بە سەر هەڵبژاردەی ڤێتنام، هەڵبژاردەی عێڕاق نزیکە بگاتە ئۆڵۆمپیادی پاریس کە ئەم هاوینە لە فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێڕاق لە یاری پێش کۆتایی جامی ئاسیا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی ژاپۆن دەبێتەوە، لە ئەگەری سەرکەوتنی لەم یاریەدا جگە لەوەی دەگاتە یاری کۆتایی پاڵەوانێتیەکە ئەوا ڕاستەوخۆ سەردەکەوێت بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس، لە یاری کۆتایی دا ئەگەر هەڵبژاردەی عێڕاق سەرکەوێت و پلەی یەکەم بە دەستبهێنێت ئەوا لە ئۆڵۆمپیادی پاریس دەکەوێتە کۆمەڵەی چوارەم لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی مالی و پاراگوای و اسرائیل یاری دەکات، ئەگەر پلەی دووەم بە دەستبهێنێت ئەوا دەکەوێتە کۆمەڵەی سێیەم و لەگەڵ هەر یەک لە هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا و میسر و دۆمینیکان یاری دەکات.
لە ئەگەری بە دەستهێنانی پلەی سێیەم لە جامی ئاسیا هەڵبژاردەی عێڕاق ڕاستەوخۆ دەکەوێتە کۆمەڵەی سێیەم و لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئەرژەنتین و مەغریب و ئۆکڕانیا یاری دەکات، ئەگەر هاتوو پلەی چوارەمیش بەدەستبهێنێت ئەوا یاری پاشکۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی غینیا دەکات و لە ئەگەری سەرکەوتنی لەم یاریەدا ڕاستەوخۆ دەچێتە ئۆڵۆمیادی پاریس و دەکەوێتە کۆمەڵەی یەکەم لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژارەکانی فەڕەنسا و ئەمریکا و نیوزیلەندا یاری دەکات.
بەشێک لە ڕۆژنامەوانان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی عێڕاق لە ئێستاوە ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە ئەگەر هاتوو هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێڕاق سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی جامی ئاسیا ئەوا دەبێت خۆی بە دۆڕاندن بدات بۆ ئەوەی نەکەوێتە کۆمەڵەی چوارەم و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسرایل یاری نەکات.