ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ شێوازی یاریکردنی سڵۆت و چۆنیەتی گونجاندنی لە لیڤەرپوول

راهێنەرە هۆڵەندییەکە یەکێکە لە گونجاوترین شوێنگرەوەکانی کڵۆپ

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

لە کۆتاییدا، لیڤەرپوول شوێنگرەوەی یۆرگن کڵۆپی دۆزییەوە و گەیشتە رێککەوتن لەگەڵ ئارنە سڵۆت، راهێنەری فاینۆردی هۆڵەندی.

ناوی سڵۆت لە 18 مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو کەوتە نێو بازاڕی خوازراوەکانی ئەوروپا، دوای سەرکردایەتیکردنی یانە هۆڵەندییەکە بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئێریدیڤیسێ، کە دووەم نازناوی یانەکەبوو لە 20 ساڵی رابردوودا، بە درێژایی وەرزەکەش تەنیا دوو یاری دۆڕاند.

هەفتەی پێشوو، فاینۆرد لە نێک برێدای بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی هۆڵەندا و دووەمین نازناوی سڵۆتە لە ماوەی سێ وەرزدا، بەڵام لەسەر ئاستی خولی نایابی هۆڵەندا، بە جیاوازی 9 خاڵ لە دواوەی ئایندهۆڤنی پێشەنگدارە.

تۆڕی وەرزشی یاریگا بابەتێکی تێروتەسەلی لەسەر ئارنە سڵۆت و چۆنیەتی دروستکردنی کەسایەتییەکەی بڵاوکردبووەوە. ئەمجارەیان سەرنج لەسەر شێوازی یاریکردنی سڵۆت دادەنێین.

هەموو شتێک بزانە؛ بۆچی لیڤەرپوول ئارنێ سڵۆت دەکاتە شوێنگرەوەی کڵۆپ؟

راهێنەرە 45 ساڵییەکە بە شێوازی 4-2-3-1 یاری دەکات، هەردوو یاریزانی پێش بەرگریکاران بۆ کۆنتڕۆڵ و زیادکردنی فشاری سەر تیمی بەرامبەر بەکاردەهێنێت.

سڵۆت زۆر بە پێپ گواردیۆلا و رۆبێرتۆ دی زێربی سەرسامە، بەڵام جیا لەمانەش، بە راهێنەرانی وەک مارسێلۆ بێڵسا، جۆرجی سامپاولی، یۆرگن کڵۆپ، لوسیانۆ سپالێتی و میکێل ئارتێتاش سەرسامە. پێشتر بیرۆکەکانی لەگەڵ پێپ لیندێرس، یاریدەدەری کڵۆپیش ئاڵوگۆڕ کردووە.

سڵۆت بەردەوام ڤیدیۆی شێوازی یاریکردنی مانچێستەر سیتی و بڕایتن پیشانی یاریزانانی فاینۆرد دەدات و فێری شێوازی هاوشێوەیان دەکات.

جۆن ڤان دێن بڕۆم، یاریدەدەری سڵۆت لەبارەی شێوازی یاریکردنی راهێنەرە هۆڵەندییەکە بە ئاتلێتیک-ی راگەیاندووە

زۆر ڤیدیۆی مانچێستەر سیتی و بایرن میونشنمان سەیرکردووە، زۆر بە پێپ سەرسامە و شێوازەکەشی نزیکە.

ئەگەر سەیری یارییەکانی فاینۆرد بکەین، هاوشێوەی پێپ گواردیۆلا و دی زێربی هێرش دروست دەکات، بەرگریکاران تۆپ بە پاسی کورت دەگەیننە هێڵی ناوەڕاست و بۆشایی دروست دەکەن، ئەمەش بە پاڵپشتی هەردوو بەرگریکارانی باڵی چەپ و راست.

نموونەی یارییەکی فاینۆرد بەرامبەر فۆڕتونا سیتارد.

تیمۆن فێلێنروتەر، گۆڵپارێزی یانەکە تۆپ لای خۆ دەهێڵێتەوە، تاوەکو فشار لەسەر هێرشبەرانی تیمی بەرامبەر دروستبکات، هەریەکە لە تۆماس بیلێن، دەیڤد هانکۆ بەرگریکارانی یانەکە لە نزیک گۆڵپارێزن و بۆشایی بۆ یاریزانانی ناوەڕاست دروست دەکەن. هەریەکە لە ماتیس ڤیفەر و کوینتن تیمبەر، یاریزانانی ئیرتیکاز هەوڵی دروستکردنی بۆشایی و وەرگرتنی تۆپ دەدەن، ئەمەش شێوازێکی روونی پێپ و دی زێربییە لە کاتی دروستکردنی هێرشدا.

کاتێک هانکۆ تۆپەکە وەردەگرێت، راستەوخۆ بۆ پێشەوەی دەبات و پاسێک دەداتە تیمبێر، ئەویش یاریزانی فۆرتونا سیتارد بۆ لای خۆ رادەکێشێت و بۆشاییەکی زۆر بۆ لوتشارێل خیرترویدا، بەرگریکاری باڵی چەپ دروستدەکات.

ئەگەر بە زمانی ئامار قسە بکەین، شێوازی یاریکردنی فاینۆرد بریتییە لە ”دروستکردنی هێرشی قووڵ – Deep Build-up). هەڵسەنگاندنی لەسەر ئاستی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا بریتییە لە (88 لە 100) ئەمەش هەڵسەنگاندنێکی بەرزە بۆ یانەیەکی هۆڵەندی.

بەشێوەیەکی رێژەیی، رێژەی کۆنتڕۆڵی تۆپی سڵۆت بۆ هەر یارییەک بریتییە لە 61%، لە خولی هۆڵەندی تەنیا ئایندهۆڤن رێژەی کۆنتڕۆڵی تۆپی بەرزترە. لەسەر ئاستی خولە گەورەکانی ئەوروپاش، هەڵسەنگاندنی هەردوو یانەکە بریتییە لە (92 لە کۆی 100).

شێوازی 4-2-3-1ی سڵۆت، سوودێکی زۆر بە ترێنت ئالیکساندێر ئارنۆڵد دەگەیەنێت، چونکە لە دۆخی کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ، دەتوانێت بەرگری باڵی راست جێبهێڵێت و لەگەڵ ئەلێکسیس ماک ئالیستەر و واتارو ئێندۆ، فشار لە ناوەڕاست دروست بکات.

لە کاتی دروستکردنی هێرشبردندا، بەگوێرەی ئامار و ڤیدیۆکانی فاینۆرد بێت، سڵۆت تەواو پشت بە دوو دڵی بەرگریکار و دوو یاریزانی چەقی هێڵی ناوەڕاست دەبەستێت، بۆیە سڵۆت پێویستی بە یاریزانێکی کوالێتی بەرزی پاسدەر لە هێڵی ناوەڕاستدا هەیە.

یەکێک لەو یاریزانانەی کە پێویستە خۆی لەگەڵ شێوازی سڵۆت رابهێنێت، ئیبراهیما کۆناتێیە. چونکە کۆناتێ یاریزانێکی قورسە و بە ئاسانی ناتوانێت فشار دروست بکات و ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی دروستکردنی هێرش. بەڵام جارێل کوانسا، بەرگریکاری لاو، لە ماوەی رابردوودا توانیویەتی کوالێتی خۆی پیشان بدات.

سڵۆت و کڵۆپ شێوازێکی هاوشێوەیان هەیە، پشت بە تۆپی درێژ نابەستن و زۆر هەوڵی پاسی کورت دەدەن، ئەمەش ئەرکی سڵۆت ئاسانتر دەکات.

فاینۆرد بە شێوازی جیاواز یاری دەکات و تەنیا پشت بە تۆپی کورت و کۆنتڕۆڵی تۆپ نابەستێت، ئەمەش کلیلێکی گرنگی سەرکەوتنی راهێنەرە هۆڵەندییەکەیە.

لە کاتی مەشقەکاندا، بەردەوام داوا لە یاریزانەکانی دەکات بە فشارێکی زۆر یاری بکەن، زوو زووش گۆڕانکاری لە شێواز و شوێنی یاریزاناندا دەکات، ئەمەش بووەتە خاڵێکی ئەرێنی، چونکە یاریزان نایەوێت لەسەر یەک شێواز بەردەوام بێت.

مارتن کرابێندام، رۆژنامەوانی تۆڕی ڤۆیتباڵ ئینتەرناشناڵ لەبارەی سڵۆتەوە دەڵێت

سڵۆت بەردەوام داوای زۆرترین لە یاریزانانی دەکات، لە هەموو مەشقکێدا، داوای توندی و دروستکردنی فشار دەکات، داوای زۆری لە یاریزانان هەیە، هەرگیز مەشقەکانی بە ئاسانی تێنەپەڕاندووە، بەڵکو هاوشێوەی هەموو یەکەیەکی مەشق، داوای زۆرترین دەکات، چونکە بەردەوام بەدوای شێوازی نوێ دەگەڕێت.

شێوازی هێرشبردن

یاری نێوان فاینۆرد و هێراکلیس دەکەینە نموونەی دروستکردنی هێرش لە فاینۆرد. بەرگریکار خێترویدا، ڤیفەر لە ناوەڕاستی یاریگا دەدۆزێتەوە، ڤیفەر لە ناوەڕاستی زۆنێکی پڕ یاریزانی هێراکلیسدایە، بەڵام تۆپێکی بەرزی درێژ بۆ سانتیاگۆ خیمینێز دەنێرێت و گۆڵ دەکات. ئەم هێرشە تەنیا لە ماوەی حەوت چرکەدا دروستکرا.

لە نموونەیەکی دیکەدا، فاینۆرد بە چەند پاسێکی کورت لە نێو زۆن و دڵی بەرگریکارانی یانەی یوترێخدا کرد. تەنیا بە سێ پاس کە لە خێرنۆت تراونەر، بەرگریکار دەستیپێکرد و گەیشتە ئیگۆ پایکاسۆ، گۆڵێک ئاسانی کرد.

لە نموونەیەکی دیکەدا، لە یاریی نێوان فاینۆرد و ئەیاکسدا، یاریزانانی فاینۆرد تۆپیان لە یاریزانان ئەیاکس وەرگرت و هێرشێکی خێریان دروستکرد. بارت نوفکۆپ، بەرگریکار بەشداری لە هێرشە هەڵگەڕاوەکەدا کرد و توانی سێ یاریزانی ئەیاکس بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات، بەڵام پاس بەو نەدرا و یانکوبا مینتێ، گۆڵەکەی کرد. ئەمەش شێوازی ئاڕاستەکردنی زۆرترین یاریزان بۆ هێڵی پێشەوە پیشان دەدات.

گۆڕینی شێوازی لیڤەرپوول لە ڤێرژنی کڵۆپ (4-3-3) بۆ ڤێرژنی (4-2-3-1)ی سڵۆت، قورس نابێت، چونکە پێشتر رێدز چەندینجار بەمشێوازە یاریکردووە.

رۆڵی یاریزانی ژمارە 10 زۆر بۆ یاریزانانی لیڤەرپوول گونجاوە، کۆدی گاکپۆ، سوودمەندی سەرەکی دەبێت، کە بەردەوام دەیەوێت لە پێشەوەی پێنج یاریزانی هێڵی ناوەڕاست یاری بکات. لە لایەکی دیکەوە، ماک ئالیستەر، دەتوانێت بە هێرشبەری یاری بکات و هارڤی ئێلیەتیش، یاریزانێکی زۆر ژیرە بۆ دروستکردنی بۆشایی. ئەمانە هەمووی لە بەرژەوەندی سڵۆتن.

چەکی بنەڕەتی سڵۆت، بەکارهێنانی هەردوو یاریزانانی دڵی بەرگرییە لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ و دروستکردنی هێرش، بەرگریکارانی لیڤەرپوولیش ئەم شێوازەیان بەلاوە نوێ نییە، بەڵام ئەرکی سەرەکییان نەبووە.

بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا یانەکانی سپۆڕتینگ لیسبۆن، یوڤێنتوس، ئینتەر میلان و ئارسیناڵ پێشبینی گۆڵی کەمتریان لێدەکرێت، ئەمەش ژمارەیەکی بەرزە لەسەر ئاستی حەوت خولە گەورەکەی ئەوروپا.

سڵۆت پێویستی بە ئامادەکاری وەرزی نوێی زۆر باشە، چونکە پەیڕەوکردنی شێوازەکەی ئاسان نییە و دەبێ یاریزانانی لیڤەرپوول بەزووترین کات، خۆیان رابهێنن.

لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی لایەنی هونەری یانەکەی، سڵۆت بەردەوام جەخت لە جووڵانەوەی بەردەوامی یاریزانانی دەکات، پێی وایە ئەگەر کوالێتی یاریزانانیش داببەزێت، بەڵام سووڕانەوەی بەردەوام کاریگەری نەرێنی لەسەر تیمی بەرامبەر دروست دەکات.

سڵۆت زۆر پشت بەداتاکان دەبەستێت، تەنانەت یاری بۆ یاری هەڵسەنگاندن بۆ ئاماری تایبەت بە یاریزانان دەکات و لە کاتی دابەزینی ئاستی رێژەیی هەر یاریزانێک، بە تایبەت کار لەسەر کێشەکانی دەکات، بەتایبەت لەڕووی جەستەییەوە.

جیا لە فشاری زۆر، کۆنتڕۆڵی زۆری تۆپ و هێرشی هەڵگەڕاوەی پلان بۆ داڕێژراو، سڵۆت دەتوانێت بەبێ خەرجی زۆر، یارمەتی لیڤەرپوول بدات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتی گروپی کۆمپانیاکانی فێنوەی، خاوەنی لیڤەرپوول.

فاینۆرد زیاتر لە هەشت ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی یاریزان لە مێژووی خۆیدا خەرج نەکردووە، کەچی توانی نازناوی خول و جامی هۆڵەندا بەدەستبهێنێت و چەندین یاریزانی لە ئەکادیمیای فاینۆرد سەرخست بۆ تیمی یەکەم.

بابەتی زیاتر

Back to top button